ترەمپ: باشترە ئێران شوێنی نوێ بۆ دروستکردنی دامەزراوەی ئەتۆمی هەڵبژێرێت

سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئێران، ئەگەر بیانەوێت دامەزراوەی نوێی ئەتۆمی دروست بکەن، باشترە لە شوێنێکی نوێ و جیاواز لەو شوێنانەی کە وێران کراون دروستی بکەن.

شەممە 19ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس دووپاتی کردەوە کە هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی وێران کراون، باسی لەوەش کرد، چەندین ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی دووبارە ئەو دامەزراوانە چالاکی بکەنەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، ئەگەر ئێران بیەوێت ئەو دامەزراوانە چالاک بکاتەوە، وا باشترە لە سێ شوێنی نوێ دروستی بکاتەوە، جیاواز لەو شوێنانەی کە بە تەواوی وێران کراون.

بەرە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 22ـی حوزەیرانی 2025، هێزی ئاسمانی ئەمەریکا لە هێرشێکی لە ناکاو و یەک کاتدا هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمی فەردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانیان بۆمباران کرد و لە چەند کاتژمێرێکی کەم لە تێپەڕبوون بەسەر هێرشەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، هێرشێکی سەرکوتوویان ئەنجامداوە و کۆتاییان بە فۆردۆ و هەڕەشە و مەترسییە ئەتۆمییەکانی ئێران هێناوە