فەرەنسا پێشوازی لە ئاگربەستی سوەیدا دەکات
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە گرژییەکانی سووریا نیگەرانە و داواش لە هەموو لایەک دەکات، بۆ ئەوەی گرژییەکان پەرە نەسێنێت، دەستبەجێ بە ئاگربەست پابەند بن.
شەممە 19ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، پێشوازی لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە سوەیدا دەکەن، هەموو لایەکیش هان دەدات بە ئاگربەستەکە پابەند بن.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا باسی لەوەش کردووە، دەبێت دەستبەجێ شەڕ و توندوتیژییەکان لە ناوچەکە ڕابگیرن.
پێشتریش، دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ناوچەکە زۆر گرنگە و دەبێت دەستبەجێ شەڕ کۆتایی بێت و ژیانی هاووڵاتییانی سووریا پارێزراو بێت.
هەر ئەمڕۆ شەممە، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاندبوو، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لە سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن و لە ئەنجامدا زیاتر لە 700 کەس کوژران. هاوکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا بڵاو کراونەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 13ی تەممووزی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕوویدا. بە پێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان بۆ 940 کەس بەرز بووەتەوە.