زێلێنسکی: داوامان لە ڕووسیا کردووه‌ هەفتەی داهاتوو کۆببینەوە

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان لەبارەی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لەگەڵ ڕووسیا، پێشنیازێکیان پێشکەش ئەو وڵاتە کردووە کە لە ماوەیەکی نزیک گەڕێکی دیکە دانوستانەکان بەڕێوە بچێت.

هەینی 19ی تەممووزی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی، پێشنیازێکی پێشکەشی ڕووسیا کردووە، کە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوانیان بەڕێوە بەچێت. سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کردووە، دەبێت هەنگاوەکان بۆ دانوستان خێرا بکرێن.

زێلێنسکی دووپاتی کردەوە ئامادەیە لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە و ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرۆکایەتیی بۆ ئاگربەستێکی هەمیشەیی زۆر گرنگ دەبێت.

لە دانوستانەکانی مانگی ڕابردوودا، ڕووسیا کۆمەڵێک داواکاری خستە ڕوو، لەوانە دەستەبەردابوونی خاکی زیاتر لەلایەن ئۆکرانیا و ڕەتکردنەوەی جێگیرکردنی هێزەکانی ڕۆژئاوا لە نزیک سنوورەکانی وڵاتەکەی.

لای خۆشییەوە ئۆکرانیا مەرجەکانی ڕه‌ت كرده‌وه‌ و ڕووسیای بە تێکدانی دانوستانەکان تۆمەتبار کرد.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا 50 ڕۆژ مۆڵەتی بە پوتن دا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کرێملن) ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆكرانیا نیشان دا.