جۆو ڕیدەر: پێویستە چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی ڕێککەوتنی ههولێر و بهغدا بكات

جۆو ڕیدەر، جێگری پێشووی وهزیری بهرگریی ئهمەریكا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە و کۆمپانیا نەوتییە ئەمەریکییەکان لە هەرێم، هێرشێکی تیرۆرستییە و ئەمەریکا بە سەپاندنی سزا و هێرشی سەربازی وەڵامیان دەداتەوە و ئەو کەسانەشی پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ میلیشیاکان هەیە ئەوانیش لەگەڵیان سزا دەدرێن.
جێگری پێشووی وهزیری بهرگریی ئهمەریكا دەڵێت: ئەو تیرۆرستانە کە بە درۆن هێرشیان کرد، دەبێت لەوە تێبگەن ئێمە وەڵامیان دەدەینەوە، لەو بڕوایەدام ئەو تیرۆرستانە هەڵەیەکی کوشندەیان کرد، ئێمە لە کاتی هەڵبژێردراوی خۆمان وەڵامیان دەدەینەوە.
دەشڵێت: لەو بڕوایەدام وەڵامەکەی ئێمە سەربازی و سەپاندنی سزا بێت، ئەمەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، هیچ ئیدارەیەكیش نییە لەوەی ئێستا باشتر بێت، هەروەها لەو هێرشانە دوو کۆمپانیای ئەمەریکا بوونەتە قوربانی.
ئاماژەی بەوەش دا، ڕەنگە سزاکان بەرپرسانی حکوومەتی عێراقیش بگرێتەوە کە ڕێکاری پێویست ناگرنەبەر.
گوتیشی: پێویستە چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لە ڕێککەوتنی نەوت بەرامبەر بە مووچە بکات، دەبێت تێبگەن ئەو کارەی کردوویانە لێکەوتەی زۆر ڕژدی دەبێت، گرنگترین شتیش ئەوەیە ئەو ڕێککەوتنەی کراوە جێبەجێ بکرێت و ئەوانەی لە بەغدان دەبێت تێبگەن ئەو زیانەی بە کێڵگە نەوتییەکان گەیشتووە گەڕانەوەی بەرهەمهێنان بۆ 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کاتی دەوێت.
ئەوەشی خستە ڕوو، دەبێت لیژنەی لێکۆڵینەوە کوردیش لەخۆبگرێت تا متمانەپێکراو بێت، نازانم سەرکردە باڵاکان لە بەغدا تا چەند ئەو میلیشیایانەیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام زانیاری هەیە ئەوان پەیوەندیی نزیکیان هەیە و دەبێت تێبگەن ئەوانیش سزا دەدرێن ئەگەر ڕێگە بەو میلیشیایانە بدرێت بە ئازادی جموجۆڵ بکەن."