رێگه‌ی حاجی ئۆمه‌ران و چۆمان له‌ نوژه‌نكردنه‌وه‌دایه‌

%30ـی كاره‌كانی پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه‌

K24 – ھەولێر:

پڕۆژه‌ی نوژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی رێگای حاجی ئۆمه‌ران - چۆمان به ‌بڕی یه‌ك ملیار دینار كه‌وتووەتە بواری جێبه‌جێكردن و له‌سه‌دا 30ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و بڕیاریش وایه‌ پێش هاتنی وه‌رزی باران و به‌فربارین پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بكرێت.

زۆربه‌ی رێگاكه‌ كه‌ندوچاڵی تێكه‌وتووه‌ و كاری نۆژه‌نكردنه‌وه‌ رۆژانه‌ 8 - 10 كاتژمێری بۆ ته‌رخانكراوه‌.

به‌درێژایی رێگاكه‌ چه‌ندین تیم به‌ خێرایی كاری تێدا ده‌كه‌ن، مه‌به‌ستیانه‌ پێش هاتنی وه‌رزی باران و به‌فربارین كاره‌كه‌یان ته‌واوبكه‌ن.

ڕێگای چۆمان - حاجی ئۆمه‌ران یه‌كێك له‌ قه‌ره‌باڵغترین رێگاكانه‌، رۆژانه‌ نزیكه‌ی هه‌زار كامیۆن و ئۆتۆمۆبێل هاتوۆچۆی به‌سه‌رداده‌كه‌ن. خراپبوونی رێگاكه‌ زیانی زۆری به‌ ئۆتۆمبێله‌كان گه‌یاندووه، شۆفێرانی رێگاكه‌ گه‌رچی به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی سوپاسگوزارن؛ به‌ڵام چاوه‌ڕێی ته‌واوكردنی دووسایدی رێگاكه‌شن.

رێگای چۆمان - حاجی ئۆمه‌ران تا ده‌روازه‌ی سنووری نیوده‌وڵه‌تی (21) كیلۆمه‌تره‌و پڕۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بڕی یه‌ك ملیار دیناری بۆ ته‌رخانكراوه‌و (15) كیلۆمه‌تری رێگاكه‌ نۆژه‌نده‌كرێته‌وه‌ له‌گەڵ قیرتاوكردنی درێژایی (9) كیلۆمه‌تر، له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌میشدا سه‌دا سی كاره‌كانی قۆناغی یه‌كه‌می جێبه‌جێكراوه‌.

Fly Erbil Advertisment