لە پارێزگای دیالە خۆپیشاندان بۆ داواکردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی دەستی پێ کرد

یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، هاووڵاتیانی شارۆچکەی خاڵس لە پارێزگای دیالە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان خۆپیشاندانیان کرد.

میدیا ناوخۆییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە، دانیشتوانی شارۆچکەی خاڵس لە پارێزگای دیالە، لە بەردەم باڵەخانەی قایمقامییەت خۆپیشاندانیان کرد و داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان کرد، بەتایبەتی قیرتاوکردنی ڕێگاوبان و کارەبا و ئاو."

یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بە میدیای ناوخۆی عێراقی گوت: "شارۆچکەی خاڵس کەمترین پێداویستییەکانی ژیانی تێدایە و بەدەست نەبوونی ژێرخانەوە گرفتارە، بەتایبەت لەڕووی ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و تەنانەت ڕووناکی شەقامەکانەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمڕۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ڕاپەڕین بۆ ئەوەی داوای گۆڕانکاری لە شارۆچکەکە بکەن."

خۆپیشاندەرێکی دیکە دەڵێت: کارکردن لە پرۆژەی ئاوەڕۆ زیاتر لە 20 ساڵە وەستاوە، ئێستا خاڵس شارۆچکەیەکی کارەساتاوییە. تەنانەت لە هاتووچۆ و چوونە سەر کاریشدا ڕووبەڕووی کێشە دەبینەوە."

گوتیشی: ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندانی زیاتر فراوانتر دەکەین و ڕێگای ستراتیژی بەغدا-کەرکووک دادەخەین.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment