ئەمساڵ ئوردن سەدان درۆنی هەڵگری ماددەی هۆشبەری لە سنووری سووریا خستووەتە خوارەوە

درۆنێک لە ئاسمانی ئوردن (وێنەکە بۆ ڕوونکردنەوە دانراوە)
درۆنێک لە ئاسمانی ئوردن (وێنەکە بۆ ڕوونکردنەوە دانراوە)

ئوردن لە سەرەتای ئەمساڵەوە 310 درۆنی هەڵگری ماددەی هۆشبەری لە سنووری سووریا خستووەتە خوارەوە.

سوپای ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە توانیویانە 310 درۆنی هەڵگری ماددەی هۆشبەر کە لە سووریاوە ئاراستە کرابوون بخەنە خوارەوە؛ ئەمەش واتە مانگانە بە تێکڕا 51 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.

بە گوێرەی سوپای ئوردن، لە ڕێگەی خستنەخوارەوەی درۆنەکانەوە، ڕێگرییان لە گەیشتنتی نزیکەی 14 ملیۆن  و 130 هەزار دەنکە حەبی هۆشبەر کردووە بۆ خاکی ئوردن.

سوپای ئوردن لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەش کردووە، لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا 69 دزەکردن لە سووریاوە بۆ ئوردن ئەنجامدراوە.

بەگوێرەی دامودەزگەکانی ئوردن، ساڵی ڕابردوو، لە کاتی پێکدادان لەگەڵ قاچاخچییەکان، هەشت کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان کوژراون.

ساڵی رابردوو، دەسەڵاتدارانی ئوردن زیاتر لە 38 هەزار کەسیان لە زیاتر لە 25 هەزار دۆسیەی پەیوەست بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆری ماددەکەدا گرت، کە 27 ملیۆن حەبی کاپتاگۆنی لەخۆگرتبوو.