خالید خۆشناو: پرۆژەی فریاگوزاری ئاو گەورەترین پرۆژەیە لە ئاستی عێراق و وڵاتانی دەورووبەر
خاوەنی کۆمپانیای هێمن گرووپ دەڵێت: پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر، گەورەترین پرۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی دەورووبە، دەشڵێت: متمانەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە هێمن گرووپ لەدەست نادەین، خەمخوری ئەو نەبوایە، ئەو پرۆژەیە نەدەهاتە دی.
یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، خالید خۆشناو، خاوەنی کۆمپانیای هێمن گرووپ گوتی:پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر، دیارییەکی دیکەی زۆر بە بەهای حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ خەڵکی هەولێر.
گوتی: بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەی چەند ساڵەی کەمئاوی هەولێر، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کۆمپانیای هێمن گرووپ ڕاسپێدرا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە و کۆتایی هێنان بە کێشەی کەمئاوی هەولێر بۆ ماوەی ساڵانێکی درێژ.
دەڵێت: پرۆژەکە بۆ ئێمە کارێکی نوێ بوو، بەڵام ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی ئێمە پرۆژەکە جێبەجێ بکەین، هاوکات خۆشەویستیمان بۆ هەولێر و خەڵکی شارەکە، وای کرد شان بدەینە بەر ئەو بەرپرسیارەتییە و پرۆژەکە بە کوالێتییەکی زۆر باش و ستانداردی جیهانی جێبەجێی بکەین.
خالید خۆشناو گوتی: هەمیشە سەرنجمان لەسەر ئەوەبوو ماوەی کارکردن لە پرۆژەکە کەم بکەینەوە و بەڵێنەکانمان بۆ سەرۆکی حکوومەت و خەڵکی هەولێر بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەین، ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی حکوومەت و خەڵکی هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، کەرەستەکانی پرۆژەکە لە ئەڵمانیا، دانیمارک، نەمسا، فەرەنسا دابینکراوە، بۆرییەکانی پرۆژەکەش لە دووەم گەورەترین کۆمپانیای سەرتاسەری جیهان لەم بوارە کە کۆمپانیایەکی تورکیایە، دابینکراوە.
خاوەنی هێمن گرووپ ڕایگەیاند: پرۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو بۆ شاری هەولێر، گەورەترین پرۆژەیە لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی دەورووبەر کە بەتازەترین سیستەم جێبەجێ کراوە و پێشتر لە هیچ پرۆژەیەکدا ئەو سیستەمە بەکارنەهاتووە، گوتی: هەموو توانای هێمن گرووپ لە ستافی شارەزا و ژێرخانی پێویست بەردەست کرا، بە سێ شەفت و 24 کاتژمێر، بە بەردەوام کار لە پرۆژەکەدا کرا.
دەڵێت: هەرچەندە هێمن گرووپ بەتوانا بێت، بەڵام بێ پشتیوانی سەرۆکی حکوومەت و بەدواداچوونی بەردەوامی نووسینگەکەی، پرۆژەکە لەو ماوە کورتەدا جێبەجێ نەدەکرا، گوتی: سوپاسی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ ئەو متمانەیەی بە هێمن گرووپ هەیەتی، شەرەفێکی گەورەی بە ئێمەدا ئەم پرۆژەیە بۆ شاری هەولێر جێبەجێ بکەین، بەڵێنیدا متمانەی سەرۆکی حکوومەت لەدەست نەدەن.
خالید خۆشناو ڕایگەیاند: هێمن گرووپ هەر ئەمساڵ دوو پرۆژەی دیکەی ستراتیژی جێبەجێ دەکات و دەیخاتە خزمەتی خەڵکی هەولێر و کوردستان.