ژمارەیی کوژراوانی سوەیدا بۆ هەزار و 120 کەس بەرزبووەوە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری کوژراوانی گرژییەکەی سووریا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیان بەهۆی شەڕەکەوە بۆ هەزار و 120 کەس بەرزبووەوە.

یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری قوربانییانی شەڕ و گرژییەکانی پارێزگای سوەیدای بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، لە سەرەتایی دروستبوونی ناکۆکییەکانەوە تاوەکوو ئێستا 427 چەکدار و 298 خەڵکی مەدەنی درووزەکان کوژراون، کە 194ـیان لەلایەن وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی سووریا لە سێدارە دراون.

هەروەها ئاماژەشی داوە، 354 کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت و 21 بەدەوییش لە شەڕ و پێکدادانەکان کوژراون، هاوکات 15 سەربازی دیکەی حکوومەت بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کوژراون.

نزیکەی هەفتەیەکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕووی داوە، دواتر هێزەکانی حکوومەت و سوپای ئیسرائیل دەستتێوەردانیان کرد و گرژییەکان فراوانتر بوون.

شەممە، 19ـی تەممووز 2025، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەو پارێزگایەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن. هاوکات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا بڵاو کراونەتەوە