عراقچی نامەیەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا دەنێرێت

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا دەیانەوێت لەگەڵ ئێران کۆببنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران، نامەیەکی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا ناردووە و تێیدا ڕەخنە لە وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا دەگرێت و دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ئەو سێ وڵاتە پشتگیری هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکایان بۆ سەر خاکی ئێمە کردووە، هاوکات پابەندی ڕێککەوتنەکەی 2015 نەبوون، ئەوا هیچ مافێکیان نییە سزاکانی 10 ساڵ بەر لە ئێستا بەسەرماندا بسەپێننەوە.

یەکشەممە 20ی تەممووزی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: نامەیەکم بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ناردووە، کە بۆچی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا هیچ مافێکی یاسایی و سیاسی و ئەخلاقییان نییە کە سزاکانی 10 ساڵ بەر لە ئێستا بەسەر وڵاتەکەمان بسەپێننەوە.

عێراقچی ڕوونیشی کردووەتەوە، بەهۆی هەڵوێستییان بە تایبەت لە پشتگیری سیاسی و ماددی بۆ هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەمان، هاوکات ڕەتکردنەوەی پایە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی 2015 و شکاندنی بەڵێنەکانیان، ئەو سێ وڵاتە پێگەی خۆیان وەک بەشداربووانی ڕێککەوتنەکە لەدەست داوە. بۆیە هەر هەوڵێک و بڕیارێکیان بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان لە ڕووی یاسایەوە بێ بنەمایە و بێ بایەخە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەشی داوە، دوای ئەوەی ئەمەریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنانە لە ڕێککەوتننامەکە کشایەوە، ئێران بە تەواوی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەی بۆ چارەکردنی کێشەکان بەکار دەهێنا، هاوکات داواشمان لە لایەنەکانی دیکە کرد بۆ ڕێککەوتنەکە بگەڕێنەوە، بەڵام فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوون و بە شێوەیەکی کارا پشتگیری سیاسەتی ئەو پەڕەی فشاری ئەمەریکایان دەکرد و، تەنانەت پشتگیری هێرشە سەربازییەکانی دژی هاووڵاتییانی ئێمەیان کرد. بەم شێوەیەش ئەو وڵاتانە شایەنی ئەو نین بڵێن نیازمان باشە.

هەروەها نووسیویەتی: نابێت ڕێگە بە ئەو سێ وڵاتە بدرێت کە متمانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بشێوێنێت. باسی لەوەش کردووە هەر وەک لە نامەکەمدا جەختم کردووەتەوە، ئێران ئامادەیە بەرگری لەخۆی بکات، بەڵام بۆ ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماتی ئەگەر نییەتەکە باش بێت ئامادەیە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەو بارەیەوە لە زاری بەرپرسێکی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لە پەیوەندی دان بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا کۆببنەوە.

ئاماژەشی داوە، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەردەوامن لە دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی دیپلۆماتی بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران.

پێشتریش، ئەو سێ وڵاتە ئێرانی ئاگادار کردبووە ئەگەر دەست بە گفتوگۆیەکان نەکاتەوە، ئەوا سزاکانیان بەسەر دەسەپێننەوە.

 لە ساڵی 2015 هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران ڕێککەوتبوون، کە بە ڕێککەوتنی 1+5 ناسرابوو.

هەروەها لە ساڵی 2018، دۆناڵد ترەمپ، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی خۆی لە ئەمەریکا بە بیانووی پێشێلکردنی ڕێکەوتننامەکە لەلایەن ئێرانەوە، لە ڕێککەوتنامەکە کشایەوە.