سبەی پەرلەمانی عێراق لە بارەی هێرشە درۆنییەکان کۆدەبێتەوە

سبەی پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دەکات.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی نائاسایی سبەی بڵاو کردەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانە.

یەکێکی دیکە لە تەوەرەکان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی پارێزگای واست کە تیایدا نزیکەی 70 کەس گیانیان لەدەست دا.

بڕیارە کۆبوونەوەکە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ دەست پێ بکات. کۆبوونەوە نائاساییەکە لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و پارتی داواشی کردووە، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی و عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ ئامادەی کۆبوونەوەکە بن.

هەفتەی ڕابردوو، چەند جارێک لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرش کراوەتە سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێک هێناوە، بەڵام تا ئێستا لە بەرانبەر ئاراستەکردنی درۆنەکان، نە کەس دەستگیرکراوە و نە کەسیش سزا دراوە. 

 
Fly Erbil Advertisment