مێرووی سیکادا زیانی بە باخەکانی چەند گوندێکی زاوێتە گەیاندووە
مێرووی سێکادا، لە باخی جووتیارانی چەند گوندێکی سنووری ناحیەی زاوێتەی داوە و زیانی بە بەرهەمی کشتوکاڵیی ناوچەکە گەیاندووە.
جووتیارێکی بەنێوبانگی پارێزگای دهۆک، دوو هەزار داری ترێی لە باخەکەیدا هەیە، چەند ڕۆژێکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی مێرووێک لەنێو باخەکەیدا، زیان بە بەرهەمەکەی گەیشتووە.
محەممەد سەلیم، جووتیاری ناوچەکەیە و دەڵێت: ئەم مێرووە وا لە جووتیار دەکات بچێتەوە ماڵی خۆی و دەست لە کاری جووتیاری هەڵگرێت، چونکە ساڵ دوای ساڵ بەردەوام دەبێت و دارەکە لەناو دەبات تا دەگاتە ژێر خاک، جگەلەو مێرووە، دارەکان بسوتێن، یاخود ببڕدرێنەوە، کێشە نییە و جارێکی دیکە دروست دەبنەوە و بەرهەمیان دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەم مێرووەوە، جارێکی دیکە وەکو خۆی لێ نایەتەوە و دارەکە لەناو دەبات.
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو مێرووەی دارستان و باخی جووتیارانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، تیمێکی هاوبەشی ئەندازیاری کشتوکاڵی کە پێکهاتبوو لە ڕاوێژکارانی کشتوکاڵی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی قەزای دهۆک-بەشی پاراستنی ڕووەک، سەردانی باخی جووتیارانی چەند گوندێکی ناوچەکەیان کرد.
شەهرەزاد مزوری، ئەندامی تیمی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دهۆک ڕایگەیاند: مانگی تەممووز، ماوەی جووتبوونە، بۆیە مێروو، هەروەها مێش و مەگەز لە باخی کشتوکاڵی بڵاو دەبێتەوە، هەرچەند جووتیار دەبێت پابەند بێت بە ڕشاندنی دارەکانی، چونکە مێرووەکان دارەکان شەق دەکەن و هێلکەی خۆیان تێدا دادەنێن و چەند هەفتەیەک لەسەر دارەکان دەمێننەوە تا دەبن بە (کرم)، دواتر هێواش هێواش دەچنە ژێر زەوی.
هەزاران داری چەند گوندێکی سنووری ناحیەی زاوێتە، مەترسی لەناوچوونیان هەیە، جووتیارانی ئەو گەندە دەخوازن، بەزووترین کات ئەو کێشەیان چارە بکرێت، ئەگینا نەوەک تەنیا بەرهەمەکانیان، بەڵکو باخ و زەوییەکانیان لە دەست دەدەن.