رۆژانە 2 ھەزار كۆرپە لە ئێران لەبار دەبردرێن
ھاووڵاتیانی ئێران ھۆكارەكەی بۆ خراپی دۆخی ئابووری دەگێڕنەوە
K24 - ھەولێر
لە ئێران ساڵانە 600 ھەزار كۆرپە لەبار دەبردرێن، ئەوەش وایكردووە كە بەرپرسانی ئەو وڵاتە ھۆشداری لە دابەزینی گەشەی ژمارەی دانیشتووان بدەن، بەڵام ھاووڵاتیان دەڵێن، دۆخی ئابووری خراپە و ئەوان ناتوانن بیر لە دروستكردنی منداڵی زیاتر بكەنەوە.
لە رۆژێكدا 2 ھەزار منداڵ لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لەبار دەبردرێن، ئەو ئامارە كوبرا خەزعەلی سەرۆكی ئەنجومەنی ژن و خێزان لە كابینەی حەسەن روحانی ئاشكرایكردووە و خەڵك و بەرپرسانی ئێرانیشی تووشی شۆك كردووە.
خەزعەلی دەڵێ، لە یەك ساڵدا 600 ھەزار كۆرپە لە ئێران لە باربردراون و ئەوەش بە گوتەی ئەو دەكاتە كوشتنی 2 ھەزار كۆرپە لە رۆژێكدا.
بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران گەشەی ژمارەی دانیشتووان لە ئێران بۆ كەمتر لە 1% دابەزیوە، جگە لەوەی خواست لەسەر منداڵبوون كەمیكردووە، ئێستا ئەوانە خۆویست یان خۆنەویست كۆرپەیان ھەیە، لەباری دەبەن. پسپۆران و ھاووڵاتیانیش ھۆكاری سەرەكی بۆ ھەژاری خێزانەكان دەگەڕێننەوە.
دەسەڵاتی ئێران لە بەرزترین ئاستدا داوا لە ھاووڵاتیان دەكات، كە منداڵی زیاتریان ببێت، بەرپرسان نایشارنەوە گەشەی ژمارەی دانیشتووان بەرادەیەك دابەزیوە كە لە 2030 ژمارەی بەساڵاچووان و پەككەوتەكان زۆر زیاتر دەبێ و رێژەی گەنجان بەتایبەت و دەستی كار بەگشتی دادەبەزێت. لەگەڵ ئەوەش دكتور ساڵح قاسمی لێكۆڵەری ئێرانی دەڵێ، ھەژاری و بێكاری، نەبوونی داھاتوویێکی روون بۆ منداڵەكان و زیادبوونی ھاوسەرگیری سپی، وایكردووە خواست لەسەر منداڵبوون كەم بێت و ژمارەی لەباربردنی كۆرپەكانیش زیاد بكات. ئێستا لە ھەر سێ منداڵبوونی ئاسایی لە ئێران یەكێکیان لەبار دەبردرێت، ئەوەش بەرپرسانی ئێرانی نیگەران كردووە.