رێككەوتن و ژمارەی دانیشتووان رۆڵیان لە دیاریكردنی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان دەبێت

ھەرێمی كوردستان دەیەوێت پشكی خۆی لە بودجەی عێراق مسۆگەر بكات

K24 - ھەولێر

ھەفتەی داھاتوو شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بە مەبەستی دواكۆبوونەوە لەبارەی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق. لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 جۆرێکی پشکی ھەرێم پەیوەست کراوە، بە ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان، جۆرێکی دیکەش بە پشت بەستن بەو رێککەوتنەی لەنێوان ھەولێر و بەغدا دەکرێت، پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت.

لە پڕۆژە یاسای بودجەی 20202ی عێراق دوو جۆر رێژە بۆ ھەرێمی کوردستان داندراوە، لە جۆری یەکەم ژمارەی دانیشتوانی ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی لەگەڵ دھۆک لەبەرچاو گیراوە، ئەگەر ئەم جۆرە پەسەند بکرێت پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە 13.9 دەبێت، جۆری دووەمیش باس لە رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا دەکات و ئەو رێککەوتنە بڕیار لەسەر پشکی مانگانە دەدات.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی پەسەند کرد، لەم پرۆژە یاسایە بەراورد بە پڕۆژە یاسای ساڵانی رابردوو گۆڕانکاری کراوە، باسی قەرزەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کراوە، بەڵام پەیوەست کراوە بە کۆمەڵێک مەرجەوە.

زنجیرە کۆبوونەوەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەردەوامن، ھەولێر چاوی لەوەیە پڕۆژە یاسای بودجە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان بکات، ئەو کێشە دارایانەی لەنێوان ھەردوولا ھەیە کۆتایی بێن، ھەردوو حکومەتیش بتوانن بە ئەنجامدانی رێککەوتنێکی کۆنکرێتی تەواوی کێشەکان چارەسەر بکرێن.