تورکیا و ئوردن پشتیوانی خۆیان بۆ یەکگرتوویی سووریا دووپات کردەوە

وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئوردن ئامادەی خۆیان بۆ هەڵوێست وەرگرتن لە بەرانبەر دابەشبوونی سووریا پیشان دا.
دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ لەسەر زاری چەند بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوە بڵاوی کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئەیمەن سەفەدی وەزیری دەرەوەی ئوردن بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
ئاماژەشی داوە، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئوردن پەرەسەندنەکانی سووریا و ئاگربەستی ئەم دوایانەی ئەو وڵاتە تاوتوێ کردووە.
هەروەها جەختیشیان لە یەکگرتووی سووریا کردەوە و ئامادەی خۆشییان بۆ هەڵوێستی دژ بە مەرامی دابەشکردنی سووریا پیشان داوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 13ی تەممووزی 2025، شەڕ و پێکدادان لە نێوان درووزەکان و بەدەوییەکان ڕووی دا.
شەممە، 19ی تەممووز 2025، سەرۆکایەتیی حکوومەتی سووریا، ئاگربەستێکی 'دەستبەجێ و گشتگیر'ی لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای نزیکەی هەفتەیەک لە شەڕ و پێکدادان لەو پارێزگایەی کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن.