تۆم باراک: عەرەب ههمیشه لە سووریا وەکوو هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل بینراوە
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، هەمیشە عەرەب لە سووریا وەکوو هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل بینراوە، بەڵام ئەگەر کەمینەکان ژیرانە بڕیار بدەن، لەگەڵ حکوومەتی سووریا یەک دەگرن.
دووشەممە 21ی تەممووزی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا بە ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ڕایگەیاند، واشنتن ڕۆڵی لە پەیماننامەی بەرگریی نێوان تورکیا و سووریا نییە.
ئاماژەشی داوە، ئەوە کاری ئەمەریکا نییە و نایەوێت بە وڵاتان بڵێت کە دەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێت چی بکەن.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا باسی لەوەش کردووە، وڵاتێکی بەهێز لە ناوچەکە بەتایبەت ئەگەر عەرەبی بێت، هەمیشە وەکوو هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل بینراوە، بەڵام پێم وایە سووریا جیاواز دەبێت و کۆمەڵگە کەمینەکان ژیرانە بڕیار دەدەن و لەژێر سیستەمێکی ناوەندیی یەک دەگرن.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، تۆم باراک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە لوبنان گوتی: پێویستە حکوومەتی سووریا لەبارەی ڕووداوەکانی سوهیدا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، پێویستیشە پێکهاتەکان لە حکوومەت کۆ بکاتەوە و لەگەڵ ئیسرائیل ڕێکبكهوێت.
تۆم باراک ئاماژەشی دابوو، ئەمەریکا ناتوانێت ئیسرائیل ناچار بکات کارێک بکات، بەڵام دەتوانێت کاریگەریی لەسەر لایەنەکان دروست بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ یەکدی بکەن.
لەبارەی بارودۆخی سووریا، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا گوتی: ئەوەی بەلای ئەمەریکاوە لە سووریا گرنگە ئەوەیە، پێکهاتەکان لە دەسەڵاتی نوێی سووریادا کۆ بکرێنەوە، دەشڵێت: ئەوەی ئێستا لە سووریا دەگوزەرێت، زۆر مەترسیدارە و جێی نیگەرانییە، گوتی: ئەمەریکا لەگەڵ گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی سوەیدای سووریا هەنگاو دەنێت.