بەریتانیا سزای بەسەر زیاتر لە 100 کەشتی نەوتی ڕووسیا دەسەپێنێت

بەریتانیا سزای بەسەر زیاتر لە 130 کەشتی نەوتی ڕووسی و دوو کۆمپانیا سەپاند بە هۆی ئەوەی بە نایاسایی نەوتیان بۆ ڕووسیا گواستووەتەوە و لە داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە هاوکاربوونە.

دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سزایان بەسەر 135 کەشتی نەوتی ڕووسیا سەپاندووە، بەهۆی ئەوەی بە نهێنی نەوتیان بۆ ئەو وڵاتە گواستووەتەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سزای بەسەر کۆمپانیای خزمەتگوزاری کەشتیوانی و کۆمپانیایەکی بازرگانی نەوت سەپاندووە، بەهۆی ئەوەی هاوکار بوونە لە گواستنەوەی نەوت بە ڕێگایەک کە لە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، لە سەرەتایی ساڵی 2024 تاوەکوو ئێستا بە بەهایی 24 ملیار دۆلار نەوت بە شێوەیەکی نایاسایی گواستراوەتەوە بۆ ڕووسیا.

دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، بە سەپاندنی ئەو سزایانە، ڕووسیا دەست ڕاگەیشتنی بە نەوتی نایاسایی و داهاتی نەوتی کەم دەبێتەوە.

گوتیشی: ئێمە لە بەرانبەر کردەوەکانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا بێدەنگ نابین، بەڵکوو بە سەپاندنی سزای زیاتر فشارەکانمان فراوانتر دەکەین.

ئەم هەنگاوەش دوای بڕیارێکی ئەم دوایەی بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا دێت بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی خاوی ڕووسیا، بە مەبەستی ئەوەی قازانجی ڕووسیا لە داهاتی نەوتی کەم ببێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لەو بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە شوباتی 2022 تاوەکوو ئێستا سەدان کەشتی ڕووسی لەلایەن یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا سزا دراون.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا 50 ڕۆژ مۆڵەتی دابوو پوتن، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت و ئاگربەست ڕابگەیەنن.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێشنیازی کردبوو ئەم هەفتەیە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان بکرێت، کرملین کار بۆ دیارکردنی ڕۆژێک دەکات بۆ ئەوەی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی لەگەڵ ئۆکرانیادا بکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment