زێلێنسکی: چوارشەممە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا بەڕێوە دەچێت

سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەکاری بۆ دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ ڕووسیا دەکات کە بڕیارە لەم هەفتەیە لە تورکیا بەڕێوە بچێت.
دووشەممە 21ـی تەممووزی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا لە ئیستانبوڵ بەڕێوە دەچێت.
گوتیشی: ئەمڕۆ لەگەڵ ڕۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئۆکرانیا باسم لە ئامادەکارییەکان بۆ ئاڵوگۆڕی دیلەکان و دانوستانی داهاتوو لەگەڵ ڕووسیا کرد.
باسی لەوەش کرد، سبەی زانیاریی زیاتر لە بارەی دانوستانەکان دەخەنە ڕوو.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە، کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، پێشنیازی کردبوو ئەم هەفتەیە گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان بکرێت، کرملین کار بۆ دیارکردنی ڕۆژێک دەکات بۆ ئەوەی گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی لەگەڵ ئۆکرانیادا بکات.
هەینی 9ـی تەممووزی 2025، زێلێنسکی، ڕایگەیاندبوو، ڕۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی، پێشنیازێکی پێشکەشی ڕووسیا کردووە، کە هەفتەی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوانیان بەڕێوە بەچێت. سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کردووە، دەبێت هەنگاوەکان بۆ دانوستان خێرا بکرێن.
هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: ئێمە لە بەرانبەر کردەوەکانی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕاگرتنی دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا بێدەنگ نابین، بەڵکوو بە سەپاندنی سزای زیاتر فشارەکانمان فراوانتر دەکەین.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەریتانیا سزای بەسەر 135 کەشتی ڕووسی و دوو کۆمپانیا سەپاند، بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی نەوتیان بۆ ڕووسیا گواستووەتەوە و لە داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە هاوکار بوونە.
پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا 50 ڕۆژ مۆڵەتی بە پوتندا بوو، بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆکرانیا ڕێک بکەوێت و ئاگربەست ڕابگەیەنن.