ھۆڵەندا دژی بەشار ئەسەد پەنا دەباتە بەر دادگای نێودەوڵەتی

وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا: رژێمی ئەسەد تاوانی زۆر گەورەی ئەنجامداوە و دەبێت سزا بدرێت

K24- ھەولێر:

ھۆڵەندا سه‌رقاڵی ئامادەكردنی داوایەكی یاساییە دژ بە سووریا لە باڵاترین دادگای سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، وەك ھەوڵێك بۆ سزادانی حكومەتی بەشار ئەسەد لە ئەنجامی پێشلكردنەكانی رژێمەكەی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ئەشكەنجەدان و بەكارھێنانی چەكی كیمیاوی. ئەم ھەنگاوەش لە نامەیەكی وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا ھاتووه‌، كە ئەمڕۆ ھەینی ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەكەی خۆی كرد.

سووریاش لەم ھەنگاوە یاساییە ئاگاداركرایەوە، به‌ر له‌وەی كیێشەكە ببرێتە دادگای نیودەوڵەتی لە لاھای، كە تایبەته‌ به‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێی نێوان وڵاتان.

وەزیری دەرەوەی ھۆڵەندا، ستیف بڵۆك گوتی: "ئەمڕۆ ھوڵەندا بڕیارەكەی خۆی رادەگەیه‌نێت سەبارەت بە لێپرسینەوە و سزادانی سووریا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، بە ھۆی پێشێلكردنە زۆرەكانی بۆ مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ئەشكەنجەدان".

لە نامەكەدا ئاماژە بە بەڵێنی سووریا دراوە، بە رێزگرتن لە رێككەوتنەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، كە دیمشەق لە 2004 واژووی لەسەر كردووە.

ھۆڵەندا ئەم ھەنگاوەی گرتووەتەبەر، دوای ئەوەی رووسیا زۆر رێگریی لە ھەوڵەكانی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بۆ گەیاندنی پرسی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە سووریا بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كرد، كە دادگایی ئەو كەسانە دەكات، كه‌ تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن و بارەگاكەی ئەمیش ھەر لە لاھایە.

وەزیری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا لە گوتارێكدا گوتی:" رژێمی ئەسەد جار دوای جار تاوانی زۆر گەورەی ئەنجامداوە، بەڵگەكان ئاشكران. دەبێت سزا ھەبێت... ژمارەیەكی زۆر لە سوورییەكان رووبەڕووی ئەشكەنجەدان، كوشتن، ونبوونی زۆرەملێ، ھێرشی غازی ژەھراوی بوونه‌ته‌وه‌، یاخود ھەموو شتێكیان لەدەستداوە لەو كاتانەی بۆ رزگاركردنی گیانیان رایانكردووە".

ھۆڵەندا دەڵێت: ئەو شەڕە ناوخۆییەی ماوه‌ی 10 ساڵە لە سووریا بەردەوامە، بەلای كەمەوە بووەتە ھۆی گیان لەدەستدانی 200 ھەزار كەس و 100 ھەزار كەسیش ونن و 5 ملیۆن و 500 هه‌زار كەسیش ناچار بوونە بەرەو وڵاتانی ھاوسێ رابكەن.

Fly Erbil Advertisment