وەزارەتی نەوتی عێراق: تورکیا داوای ڕێککەوتنێکی نوێی لە بواری نەوت و وزەدا کردووە

وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی تورکیا دەیەوێت ڕێککەوتنێکی نوێی گشتگیرتر لە بواری نەوت، وزە و کارەبادا لەگەڵ حکوومەتی عێراق واژوو بکات.  

بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق (واع)ـی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنەکەی نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی خام کە لە ساڵی 1973 واژوو کراوە و لە ساڵی 2010 هەموار کراوەتەوە، مانگی تەممووزی 2026 کۆتایی دێت و تێیدا هاتووە، ئەگەر هەر لایەنێک ئارەزووی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی هەبێت، دەبێت ساڵێک پێش وادەی بەسەرچوونی، داواکارییەک بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی لایەنی بەرانبەر بکات. 

بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئــەوەشی خستووەتەڕوو، لەسەر بنەمای ناوەڕۆک و بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، حکوومەتی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەی دەرکردووە. وەکوو بەرپرسەکە ئاماژەی پێ داوە، حکوومەتی عێراق بە ئامانجی بەردەوامیدان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ تورکیا، لە مانگی تەممووزی 2024ەوە لەگەڵ لایەنی تورکی دانوستانی بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەستپێکردووە.

ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە "وەزارەتی وزەی تورکیا نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە و خواستی خۆی بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە، هاوکات ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی نوێ لە بواری وزەدا ناردووە کە لە ڕێککەوتنی پێشوو گشتگیرترە؛ بەو پێیەی هاوکاریی لە بواری نەوت و گاز، پیشەسازیی پترۆکیمیایی و کارەبای لەخۆ دەگرێت، بەئامانجی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات."

 ئاماژەی بەوەشکرد "وەزارەتی نەوتی عێراق خەریکی لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەدایە بەو ڕەشنووسی ڕێککەوتنەی لایەنی تورکی ناردووە و دانوستان لەگەڵیان دەکات سەبارەت بەو بابەتە، بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و تورکیا بکات."

بە گوێرەی فەرمانێکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە ڕۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە؛ ساڵی داهاتوو (27ـی تەممووزی 2026)، ڕێککەوتنی نەوتی 52 ساڵەی نێوان هەردوو حکوومەتی تورکیا و عێراق کۆتایی دێت و نوێ ناکرێتەوە. 

قۆناغی یەکەمی هێڵەکە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی هێڵی بۆری نەوتی خاو کە لە 27ی ئابی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کرابوو، لە ساڵی 1976 خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ڕێککەوتنەکە لە ساڵی 2010 نوێکرایەوە و بۆ ماوەی 15 ساڵی دیکە درێژکرایەوە.