داهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ
سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش دا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی ( 2025 ) کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان لیژنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی لە نێوان هەردوولا کراوە، بەڕێوە بچێت.
ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو دوو لیژنەیەی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم پێکهێنراوە، سێشەممە، کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی هەناردە کردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی دەکەن، بەڵام دوای هەناردەی نەوتی هەرێم، حکوومەتی فیدراڵ مووچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەممووز ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تابیەت بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دەنگی بە ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، کە بەپێی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار لە داهاتی نانەوتی و 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بداتە حکوومەتی فیدراڵ.