پەیامنێری کوردستان24: لە چەند کاتژمێری داهاتوو مووچەی مانگی پێنج خەرج دەکرێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات و وەزارەتی دارایی و ئابووریش، لیستی دابەشکردنی مووچە بڵاوبکاتەوە. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستیکەوتوون؛ شەوی ڕابردوو (دووشەممە، 21ـی تەممووزی 2025)، دوای گفتوگۆیەکی زۆری نێوان بەرپرسانی هەولێر و بەغدا؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان داوە. 

کاتژمێر 01:00ـی داونیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات. سەرچاوەیەک بە پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "چاوەڕێ دەکرێت پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، وەزارەتی دارایی فیدراڵی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران بخاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و پێویست ناکات پرسی مووچە بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران."

پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی: "وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی ئامادەکردووە، چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق پارەکە دەنێرێت، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لیستەکە بڵاوبکاتەوە و هەر لە سبەیوە دەست بە دابەشکردنی مووچەکە بکات."

ڕادەستکردنی نەوتی بەرهەمهاتوو و داهاتی ناوخۆ

پێنجشەممە، 17ـی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تابیەت بە پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دەنگی بە ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، کە بەپێی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار لە داهاتی نانەوتی و 230 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بداتە حکوومەتی فیدراڵ؛ بەڵام دوای هێرشە درۆنییەکان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دابەزیوە.

 بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، تا بەرهەمهێنانی نەوت دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە هەموو نەوتی بەرهەمهاتوو کە نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوتە، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات؛ لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراق مووچەی مانگی پێنج و مانگەکانی دیکەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات. 

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی (2025) کە بڕەکەی  120 ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

کۆتا جار وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردبێت، پێش زیاتر لە 80 ڕۆژ بووە؛ کاتێک 13ـی ئایاری ڕابردوو، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دیناری خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پاشان وەزارەتەکە دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد.