تووشبووانی نەخۆشی شەکرە بەبێ پەنجەمۆر دەتوانن دەنگ بدەن
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق: لەهەموو بنکەکانی دەنگدان کامێرای زیرەک دادەنرێت

ئەندامێکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، تووشبووانی نەخۆشی شەکرە کێشەی دەنگدانیان نابێت و بێ پەنجەمۆر دەتوانن دەنگ بدەن، ئاشكراشی کرد لە هەموو بنکەکان بۆ وێنەگرتنی دەنگدەران کامێرای زیرەک دادەنرێت.
حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 گوتی: بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بیرمان لە هەموو جۆرە گرفت و پێشهاتێکی نەخوازراو کردووەتەوە، کە ئەگەری هەیە لە ڕۆژی دەنگدان ڕوو بدەن، لەوانە ئەو دەنگدەرانەی بەهۆی نەخۆشی شەکرە یان فشاری خوێن، لە ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدان کێشەی خوێندنەوەی پەنجەمۆرەیان بۆ دروست دەبێت، چارە کراوە و دەتوانن بەبێ پەنجەمۆر دەنگ بدەن. ئەمەش لە کاتێکدا مەرجی دەنگدانی داهاتوو لەلایەن کۆمیسیۆنەکە کراوە بە سێ پەنجەمۆر.
گوتیشی: لە هەر بنکەیەکی دەنگدان دا، کامێرای زیرەک دادەنرێت، کە ڕاستەوخۆ وێنەی دەنگدەرەکان دەگرێت، بەمەش دەتوانین بڵێین پرۆسەیەکی تەواو ڕێک و پێک بەڕێوە دەچێت و هیچ ڕێگەیەک بۆ سەختەکاری ناهێڵینەوە، کە لە ڕۆژی دەنگدان لە پرۆسەکەدا بکرێت.
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کە بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نزیکەی 30 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدان و بەشداربوونیان لە پرۆسەکەدا هەیە و بە سەدان کاندید بەربژێرن بۆ 329 کورسی پەرلەمان، لە نێویاندا 9 کورسی بۆ پـێکهاتەکان دانراوە، کە پێنج کورسی بۆ کرستیانەکان، یەک کورسی بۆ ئێزیدی، یەک کورسی بۆ شەبەک، کوردانی فەیلی یەک کورسی و یەک کورسیش بۆ سابیئەکان دانراوە، هەر بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی گشتیی عێراق، ڕێژەی نوێنەرانی ئافرەت لە هەر پارێزگایەک نابێت لە 25% کەمتربێت.
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەکارهێنانی "مەرەکەبی هەڵبژاردن" بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ڕاشیگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی کارتی بایۆمەتری و سێ پەنجەمۆری دەنگدەران، ڕێکاری بەکارهێنانی مەرەکەبەکەیان نەهێشتووە.