دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی لە ڕێکخراوی یونسکۆ دا

ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، بڕیاریدا وڵاتەکەی لە ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و ڕۆشنبیریی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە (یونسکۆ) ناسراوە، بکێشێتەوە.

سەرچاوەیەکی کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ترەمپ پێی وایە ڕێکخراوەکە دیدگای دژە ئەمەریکا و ئیسرائیلی هەیە. بۆیە بڕیاریداوە لە ڕێکخراوەکە بکشێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی 2017دا بڕیاریدا و ئەمەریکا لە یونسکۆ کشاندەوە، ئەمەش دوای ناکۆکی لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی ڕێکخراوەکە بەرانبەر بە ئیسرائیل بوو. لە ساڵی 2023 لە کاتی سەرۆکایەتی جۆو بایدن، ئەمەریکا گەڕانەوەی خۆی بۆ ناو ڕێکخراوەکە ڕاگەیاند.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا، لە ژمارەیەک دامەزراوەی دیکەی نێودەوڵەتی کشایەوە، لەوانەش ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەروەها لە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی کەشوهەوا کە لە پاریس واژۆ کراوە کشایەوە، دواتریش لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە.

کاتێک جۆو بایدن دەستبەکاربوو، ئەمەریکای گەڕاندەوە ناو یونسکۆ و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و ڕێککەوتنی کەشوهەوا، بەڵام کاتێک ترەمپ دووبارە هەڵبژێردرایەوە، بڕیاریدا بگەڕێتەوە سەر شێوازی پێشووی و دووبارە لەو دامەزراوە نێودەوڵەتیانە بکشێتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment