ئێران: لەگەڵ بەریتانیا و ئەورووپا هەوڵ دەدەین ڕێگەچارەیەکی دوولایەنه‌ بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی بدۆزینەوە

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر وڵاتەکەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی تاران ئاڵۆزتر دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتووش لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەڵوێستی خۆمان بە تەواوی ئاشکرا دەکەین.

سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا گوتی، لە کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە هەڵوێستی خۆمان لەبارەی سەپاندنەوەی سزاکان ئاشکرا دەکەین، پێشمان وایە ئەوان هیچ مافێکیان نییە سزاکان بسەپێننەوە.

هەروەها ئاماژەشی داوە، هەوڵ دەدەن ڕێگە چارەیەکی دوولایەنه‌ بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بدۆزنەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کردووە، نزیکەی حەوت ساڵە، واتە دوای کشانەوەی ئەمەریکا، وڵاتە ئەورووپییەکان لە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە وەستاون، هاوکات چۆن وڵاتەکەمان بە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەکە تۆمەتبار دەکەن لە کاتێکدا خۆیان پابەند نەبوونە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان لە نێوان ئێران و بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ئیستانبۆڵ بەڕێوە بچێت.

پێشتر ئەو سێ وڵاتە ڕایانگەیاندبوو، ئەگەر تاوەکوو مانگی ئاب لەگەڵ ئێران نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک، سزاکانی 10 ساڵ بەر لە ئێستا بەسەر تاران دەسەپێننەوە.

لە ساڵی 2015 هەر یەکە لە وڵاتانی ئەمەریکا، چین، ڕووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ ئێران لەسەر سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی تاران ڕێک کەوتبوون، کە بە ڕێککەوتنی 1+5 ناسرابوو.