نەتەوە یەکگرتووەکان: چەکدارانی سوپای نیشتمانی سووریا تاوانی جەنگییان لەدژی کورد ئه‌نجامداوه‌

نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی بڵاوکردەوە

K24 - هەولێر

کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە لەبارەی سووریا راپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە و دەڵێ بەڵگە هەیە وایلێدەکات باوەڕی بەوە هەبێت: "میلیشیاکانی سەر بە تورکیا تاوانی جەنگ لەدژی دانیشتووانی کوردی باکووری سووریا دەکەن، وەک: رفانن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیی سێکسی و تاڵانکردنی ماڵ و موڵک".

پاولۆ پینێرۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە هەفتەی رابردوو لە پوختەیەکدا لەبارەی راپۆرتەکە رایگەیاند "لە عەفرین، سەرێ کانیێ و ناوچەکانی دەوروبەریان، سوپای نیشتمانیی سووریا، کە سەر بە تورکیایە، رەنگە تاوانی جەنگی ئەنجامدابێت، خەڵکی بە بارمتە گرتبێت، ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسیشیان کردووەتە سەر هەندێک کەس".

داوای کرد "پێویستە تورکیا دڵنیابێت لەوەی کەسانی سڤیل لەو شوێنانەی لەژێر کۆنترۆڵیدان، پارێزراون و ئەوانە بووەستێنێت".

ئەمە21ـەمین راپۆرتە لەلایەن کۆمیسیۆنەکە ئامادەبکرێت. تێیدا لەسەر بنەمای 538 چاوپێکەوتن، دۆکیومێنت، وێنەی سەتەلایت و بەڵگەی دیکە، ئەو راستییانە لەبارەی مامەڵەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لەدژی کوردانی رۆژئاوای کوردستان، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ تۆمارکراون.

ئەو گرووپە چەکدارەی لە راپۆرتەکەدا ناویان هاتووە، سوپای نیشتمانیی سووریایە، نزیکەی 90 هەزار چەکدار دەبن و سەرەتا گرووپەکە بۆ ئەوە دامەزرا حکومەتی سووریا بڕووخێنن.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە "لە ساڵی 2019ـەوە ژنانی کوردی عەفرین و سەرێ کانیێ، لەلایەن ئەندامانی گرووپی سوپای نیشتمانیی سووریا دەترسێنرێن، بەو هۆیشەوە ناوێرن لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە".

لە راپۆرتەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە "ژنان و کچان، کە لەلایەن چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا دەستبەسەرکراون، رووبەڕووی دەستدرێژیی سیکسی و تووندوتیژیی سێکسی بوونەتەوە، بەجۆرێک ئازارێکی جەستەیی و دەروونیی زۆریان پێگەیشتووە، هەم لە ئاستی تاک و هەم لە ئاستی کۆمەڵگەوە".

کۆمیسیۆنەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی لێکۆڵینەوە دەکات لەبارەی "لە ساڵی رابردووەوە بەلایەنی کەمەوە 49 ژنی کورد و ئێزدی لە سەرێ کانیێ دەستبەسەرن، کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای نیشتمانیی سووریایە، هەروەها بەلایەنی کەمەوە تەنیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، 30 ژن دەستدرێژیی سێکسییان کراوەتە سەر".

راپۆرتەکە بەمشێوەیە باسی "هەندێک رووداوی قێزەونی" دیکە دەکات، "بەپێی چەند راپۆرتێک، لە دوو حاڵەتدا لەپێناو سووکایەتیپێکردن و بۆ ئەوەی ترس لە دڵی پیاوانی دەستبەسەرکراودا بچێنن و ناچار بە دانپێدانانیان بکەن، ئەفسەرەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا پیاوانی دەستبەسەریان ناچارکردووە سەیری دەستدرێژیکرنە سەر مێرمنداڵیک بکەن".

"رۆژی یەکەم، مێرمنداڵەکە هەڕەشەی لێکراوە کە لەبەرچاوی پیاوەکان دەستدرێژیی سیکسی دەکرێتە سەر، بەڵام نەیانکردووە. رۆژی دواتر، هەمان مێرمنداڵ لەلایەن کۆمەڵێک چەکدارەوە و لەبەرچاوی زیندانییەکان دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر. ئەوانەی دەستبەسەرکراون، لێیاندراوە و ناچارکراون سەیر بکەن".

جگە لەوە، راپۆرتەکە باسی ئەوە دەکات لە هەمان دامەزراوەدا، چەند هەفتەیەک دواتر کەسێکی دیکەی دەستبەسەر، بە هەمان شێوە دەستدرێژیی سێکسی بەکۆمەڵی کراوەتە سەر.

لە کۆتاییدا، کۆمیسیۆنەکە دەڵێ "لەکاتێکدا ئێمە ناتوانین بڵێین تورکیا بەرپرسە لێیان و یان فەرمانیان بەسەردا دەکات و کۆنترۆڵیان دەکات، بەڵام پێمانوایە دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت، بەدڵنییایەوە دەتوانێت فشاریان بخاتەسەر بۆ ئەوەی واز لەو دەستدرێژییانە بهێنن و، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات".

کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لەبارەی سووریا، لەلایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2011 دامەزراوە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکات لە شەڕی ناوخۆیی سووریادا.