لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج بڵاوکرایەوە

وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی بڵاوکردەوە و لە ماوەی سێ ڕۆژدا هەموو وەزارەت و فەرمانگەکان مووچەکەیان وەردەگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە. 

بە گوێرەی ئەو خشتەیەی بڵاوکراوەتەوە، سبەینێ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025م دەست بە دابەشکردنی مووچەی  مانگی پێنج دەکرێت و پرۆسەکە تا ڕۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، بەردەوام دەبێت.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەو خانەنشینانەی لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من مووچە وەردەگرن، دەتوانن هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە مووچەکانیان لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) وەربگرن."

 

لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج

 

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق."

ڕۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025،  وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایاری ساڵی (2025) کە بڕەکەی  120 ملیار دینارە، بەشێوەی کاش خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.