سەرۆکی میت و سەرۆکی جەهەپە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی کۆدەبنەوە

ئیبراهیم کاڵن (ڕاست) و ئۆزگۆر ئۆزەل (چەپ)
ئیبراهیم کاڵن (ڕاست) و ئۆزگۆر ئۆزەل (چەپ)

سەرۆکی میت و سەرۆکی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و پرۆسەی نوێی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە تاوتوێ دەکەن. 

میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە پەرلەمان، سەردانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی (جەهەپە) دەکات.

بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی سەرۆکی میت و سەرۆکی جەهەپە؛ تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و چەکدانانی پەکەکە دەبێت. 

پێشتریش بۆ هەمان مەبەست ئیبراهیم کاڵن لەگەڵ هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست (مەهەپە)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و ژمارەیەک لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا؛ کۆبووەوە. 

هاوکات بڕیارە هەر ئەمڕۆ، سەرۆکی جەهەپە لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئەو کۆمیسیۆنە پەرلەمانییە بکەن، کە بۆ ئامادەکردنی زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە دروستدەکرێت.

 پێشتر ڕاگەیەندرابوو، ئەگەر هەیە جەهەپە بەشدار نەبێت لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان، بەڵام لە نوێترین لێدوانیدا، ئۆزەل ڕایگەیاندووە، ئەم کۆمیسیۆنە دەبێت پرسی کوردی تورکیا بە گشتی لە چوارچێوەی دیموکراسییانەدا چارە بکات و بۆ ئەمەش ئامادەن بەرزترین ئاستی بەشدارییان هەبێت. 

چاوەڕێش دەکرێت ڕۆژی هەینی کورتوڵموش، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا وردەکاریی گفتوگۆکان و کارەکانی پەیوەست بە کۆمیسۆنە پەرلەمانییەکە بخاتەڕوو.

ڕۆژی هەینی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێکی 30 کەسی پەکەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا.

دوێنێ چوارشەممە، 23ـی تەممووزی 2025، هێلین ئومێد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە ڕایگەیاند: "گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی، کە چەکەکانیان سووتاند، ئێستا خۆیان بۆ بەشداریی سیاسیی دیموکراسییانە ئامادە دەکەن. ئەو گرووپە و ئەندامانی پەکەکە ئەگەر گۆڕانکاریی دەستووریی بکرێت، بۆچی نەگەڕێنەوە بۆ تورکیا؟ ئێمە خەباتمان دەگۆڕین بۆ خەباتی سیاسی. رێوڕەسمی دیکەی چەکدانان جارێکی دیکە ناکرێتەوە. ئەو پەیامەی پێویست بوو لە مەراسیمەکە درا. لێدوانەکانی ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەکە گرنگ بوو، بەڵام هەنگاوی ئەوتۆ نەنراوە، لەسەرەتای پرۆسەکە بانگەشەی پێدانی مافی ئومێدی ئازادبوون بە ئۆجەلان کرا، بەڵام تاوەکوو ئێستا گۆڕانکاریی لە رەوشی ئۆجەلاندا نەکراوە."

 ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە، لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکەی ڕایگەیاندووە، پێویستە پرۆسەکە و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن لەلایەن پەرەلەمانەوە بە یاسا مسۆگەر بکرێت. گوتیشی: " دەسەڵات بە خاویی هەنگاو بۆ پرۆسەکە دەنێت. پرسی کورد پرسێکی سەرەکی تورکیایە. ئەگەر ئەم پرسە چارە بکرێت تورکیا، دەبێتە وڵاتێکی سەرەنج ڕاکێش و بەپێچەوانە پێشناکەوێت، ئێمە دەمانەوێت دەرگا بە ڕووی سیاسەتی دیموکراسییانەدا بکرێتەوە، پێویستە پرۆسەکە و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن بە یاسا مسۆگەر بکرێت؛ چونکە دەکرێت بەهۆی دروستبوونی کێشەوە، دژایەتیی پرۆسەکە بکرێت، دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و دەبێت کۆمیسیۆەنەکە بتواننێت پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان ئامادە بکات، یاسای دیموکراسی و ئازادی فەراهەم بکەن. ئەمانە پێویستن، بەبێ ئەمانە ئەو هەنگاوانەی دەینێین بێهودە دەبن."