کۆمپانیای DNO تێکڕای نەوتی بەرهەمهاتووی کێڵگەکانی کوردستانی بڵاوکردەوە

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان

کۆمپانیای "DNO" ڕایگەیاند، لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بە تێکڕا 74 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە.

پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، کۆمپانیای "DNO"ـی نەرویجی لە ڕاگەیەندراوێکدا، تێکرای ئەو نەوتەی ئاشکرا کرد کە ڕۆژانە پێش هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەرهەمیان دەهێنا. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی کۆمپانیاکە، لە هەر سێ مانگی چوار و پێنج و شەشی ئەمساڵ و پێش هێرشە درۆنییەکان، رۆژانە بە تێکڕا 74 هەزار و 760 بەرمیل نەوتیان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێناوە. هاوکات، پشکی کۆمپانیاکە لەو بڕە نەوتەی بەرهەمیهێناوە 18 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای "DNO" بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو، بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگە نەوتییانەی کۆمپانیاکە کاریان تێدا دەکات، 6.3% کەم بووەتەوە.

کۆمپانیای "DNO"ـی نەرویجی  لە كێڵگە نەوتییەکانی تاوکێ و پێشخابوور کار دەکات کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بە درۆن هێرشیان کرایە سەر و بەهۆیەوە کۆمپانیاکە ناچار بوو تا ئارامبوونەوەی دۆخی ئەمنی، بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرێت. 

  لە 1ی تەممووزەوە تا ئێستا، چوار هێرشی درۆنی بە پێنج درۆن كراونەتە سەر هەولێر و پێنج هێرش بە پێنج درۆن كراونەتە سەر سلێمانی و چوار هێرشی درۆنی كراونەتە سەر دهۆك و چوار هێرشیش كراونەتە سەر كەركووك؛ هەروەها دوو هێرش بە سێ درۆن كراونەتە سەر زاخۆ.

لەسەرەتای تەممووزەوە تا ئێستا بەگشتی 19 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنک، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.