ئامارەکانی کۆرۆنا لە تورکیا مەترسیدارن

پزیشکان هێرشدەکەنە سەر دەسەڵات

K24- هەولێر:

زیادبوونی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا، پزیشکان و سیاسییەکانی کردووەتە دوو بەرەی دژ بە یەک.

بەگوێرەی داتاکان، رۆژانە نزیکەی هەزار و 600 حاڵەتی نوێ و 60 مردن بە کۆرۆنا لە تورکیا تۆمار دەکرێت، ئەمەش بە بەروارد بە چەند مانگ لەمەوبەر، زۆر زیادی کردووە.

بەشێک لە پزیشکانی تورکیا بە بەستنی بۆیباخی رەشەوە، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و یادی هاوڕێ پزیشکەکانیان دەکەنەوە کە بوونەتە قوربانی کۆرۆنا، دروشمی ئەوە دەڵێنەوە، ئێوە ناتوانن بەڕێوەی بەرن، ئێمەش شەکەت بووین.

دووپات لەوەش دەکەنەوە، ژمارە حاڵەت و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە تورکیا، زیاترە لەوەی بڵاودەکرێتەوە.

یەکێک لە پزیشکەکان لە دیاربەکر بە ناوی هالیس یارلیکایا بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، هیچ روونییەک لە داتاکانی کۆرۆنا لە تورکیا بوونی نییە و راستییەکان دەشاردرێنەوە.

لە بەرامبەر ئەمە، لایەنگران و کاربەدەستانی نزیک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەو پزیشکانە بە خیانەتکار ناو دەبەن و داوا دەکەن یەکێتی پزیشکان دابخرێت.