ئەمڕۆ دەیان هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکەیان وەردەگرن

ژمارەیەک مووچەخۆر لە کاتی ڕاكێشانی مووچەکەیان
ژمارەیەک مووچەخۆر لە کاتی ڕاكێشانی مووچەکەیان

ئەمڕۆ دەیان هەزار مووچەخۆر و خانەنشین لە ڕێگەی "هەژماری من" و ئامێرەکانی (ATM)ـەوە مووچەی ئەم مانگەیان وەردەگرن. 

هاتنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی مووچەخۆرانی بڵاوکردەوە کە سبەینێ هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و تا ڕۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، بەردەوام دەبێت.

دەیان هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکەیان وەردەگرن

تیمی پرۆژەی "هەژماری من" لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی تەممووزی 2025، بەشێک لە سوودمەندانی وەزارەتەکانی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی خرایە سەر هەژمارەکانیان. 

باس لەوەش کراوە، هاوکات هەر ئەمڕۆ زیاد لە 8,000 خانەنشینیش لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی مووچەکانیان خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانیان و دەتوانن لە زیاد لە 400 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) دەستییان بە مووچەکانیان بگات.

ئەمە لە کاتێکدایە، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ زامنکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستانیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی "هەژماری منـ"ـەوە دەستی کردووە بە پرۆسەی بە بانکیکردن بۆ بەدیهێنانی گشتگیری دارایی بۆ هاووڵاتییان.

ئەم پرۆژەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک دەگات و دەبنە خاوەن ئازادی زیاتری تاکە کەسی.