ڕێگاوبانەکانی هەولێر بە شێوازێکى سەردەمیانە قیرتاو دەکرێن و چاکدەکرێنەوە
کۆمپانیایەکی بیانی پرۆپۆزەڵێکی پێشکەش بە پارێزگای هەولێر کردووە، دەیەوێت ڕێگەوبانەکانی هەولێر بە شێوازی سەردەمیانە و تێچووی کەمتر و کوالێتی باشتر، قیرتاو بکات و چاک بکاتەوە.
پێنجشەممە 24ـی تەممووزی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئەندازیارانى پارێزگا و ڕێگا و بان، بۆ باشترکردنی ڕێگا و بانەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئاسانکاریی بۆ شوفێران، لە دیوانی پارێزگای هەولێر لەگەڵ کۆمپانیایەکى بیانى تایبەت بە چاککردنەوە و قیڕتاوکردن کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لەو کۆبوونەوەیەدا، دواى ئەوەى کۆمپانیاى تایبەت لە ڕێگەى پرێزەنتیشن، ئامانج و کارى کۆمپانیاکەیان خستەڕوو کە تایبەت بوو بە چاککردنەوە و قیرتاوکردنی ڕێگاوبانەکان بەشێوازێکى سەردەمیانە، هەروەها بەتێچوو و کاتێکى کەمتر و کوالێتیەکى باشتر، ئاماژەیان بەوەشکرد، لە چەند وڵاتێک پرۆژەکەیان جێبەجێ کردووە.
لە بەرانبەردا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى پاڵپشتیکردنى بیرۆکەکە، تیمەکانى ئەندازیارى پارێزگا و ڕێگا و بانەکانى ڕاسپارد، هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە بۆ پڕۆژەکە بکەن، پاشان بە گونجان لەگەڵ ژینگە و کەش و هەوای شارى هەولێر بڕیارى لەبارەوە بدرێت.