حەماس ڕەخنە لە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە دەگرێت

بزووتنەوەی حەماس ڕایدەگەیەنێت: لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا جێی سەرسوڕمانە و بیانوو گرتنە کە پێی وایە حەماس ئاگربەستی ناوێت، چونکە ئێمە هیچ پێشنیازێکی لایەنی بەرانبەرمان بۆ ئاگرەبستی غەززە لەلایەن نێوەندگیرەکانەوە بۆ نەهاتووە.

تاهر نونو، فەرماندەی باڵای حەماس لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: هیچ پێشنیازێک بۆ ئاگربەستی غەززەیان پێ نەگەیشتووە، گوتیشی: قەتەر و میسر هەوڵی زۆر دەدەن بۆ نێوەندگیری، دەڵێت: لێدوانە خراپەکانی ئیسرائیل بۆ هەڵاتنە لە ئاگربەست.

نونو پێی وایە، بزووتنەوەی حەماس تەواوی هەوڵی خۆی داوە بۆ ئاگربەست لەگەڵ نێوەندگیرەکان، گوتی: لیدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، جێی سەرسوڕمانییە کە دەڵێت: حەماس هەرەسی بە ئاگربەست هێناوە، دووپاتی ئەوەشی کردەوە، بزووتنەوەی حەماس ئامادەی دانووستاندنی ڕژدە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە.

ئەو فەرماندە باڵایەی حەماس دەڵێت: لە دانووستانەکاندا لێکنزیکبوونەوەی زۆر هەبوون لەبارەی نەخشەی کشانەوە لە کەرتی غەززە.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بزووتنەوەی حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد، نایەوێت ڕێککەوتن لەبارەی ئازادکردنی دیل و بارمتەکان بکات.

ناتانیاهۆ لە ڕادیۆی ئیسرائیل بڵاو کردەوە، ئیسرائیل ئێستا لەگەڵ ئەمەریکا بیر لە بژاردەیەکی دیکە دەکەنەوە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتایی هێنان بە حوکمی حەماس، هاوکات بە دیهێنانی ئاشتی بەردەوام بۆ ئیسرائیل.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی حەماس لە کاتێکدایە، دوێنێ هەینی 25ـی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، حەماس نایەوێت ڕێککەوتن لەبارەی ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی دیلەکان بکات، بەڵکوو مردنی دەوێت، بۆیە پێم وایە ئەو بزووتنەوەیە دەڕووخێت.