ڕوفاتی 20 قوربانی زیندانی بادوش ڕادەستی کەسوکاریان کرانەوە
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، پاش تەواوکردنی پشکنینی DNA ڕوفاتی 20 قوربانیی کۆمەڵکوژیی زیندانی بادوش ڕادەستی کەسوکارەکانیان کرانەوە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تاوەکوو ئێستا کۆی گشتی ئەو ڕوفاتانەی زیندانی بادوش کە دەستنیشانکراون و ڕادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، گەیشتووەنەتە 171 ڕوفات.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ڕاگەیاندنی ژمارەیەکی دیکەی ڕوفاتەکان لە ماوەی داهاتوودا بەردەوامە، ئەمەش بەشێکە لەو پلانەی دامانناوە بۆ ئەوەی دۆسیەی کۆمەڵکوژی زیندانی بادوش بەتەواوی دابخرێت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە، ئەو ڕوفاتانەی ڕادەستی کەس و کاریان کرانەوە لە پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف، بابل، کەربەلا، زیقار، سەلاحەددین و بەسرە بوون.
کۆمەڵکوژیی زیندانی بادوش لە مانگی حوزەیرانی 2014 ڕوویدا، کاتێک داعش موسڵ و زیندانی بادوشی لە قەزای بادوش لە باکووری شارەکە کۆنترۆڵکرد. زیاتر لە 670 کەسی کوشت.