نەوزاد شێخ کامیل: سەدا 85ـی دانیشتووانی هەڵەبجە فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕ کردووەتەوە

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: سەدا 78ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕ کردووەتەوە، سەدا 15ـی دیکەشی لە قۆناغی داهاتوو پڕ دەکرێنەوە.

یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕیوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ماوەی نزیکەی دوو مانگە، لە لەهەڵەبجە و سلێمانی و هەولێر و دهۆک، فۆرمی ئەلیکترۆنی بەشە خۆراک پر دەکرێتەوە، هاووڵاتییان وەڵامدانەوەیەکی زۆر باشیان هەبووە بۆ پرۆسەکە، بەشێوەیەک لە هەڵەبجە سەدا 85 ـی دانیشتتوان فۆرمەکەیان پڕکردووەتەوە، لە هەولێر ڕێژەکە سەدا 81ـی تێپەڕاندووە، سلێمانی سەدا 78 بووە تا ئێستا، دهۆکیش سەدا 72 تێپەڕووە،ئاشکرای کرد، بەتێکڕا لە هەرێمی کوردستان، ڕێژەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک لەلایەن هاووڵاتییانەوە سەدا 78 تێپەڕیووە، دەڵێت: هەرێمی کوردستان بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق زۆر لەپێشترە لەگەڵ ئەوەی ئەوان پێشتر دەستییان بە پرۆسەکە کردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: کارمەندەکانیان ئیستا شارەزایی باشیان لە پڕکردنەوەی فۆرمەکە بۆ دروستبووە، بۆیە شێوازیی پڕکردنەوە خێرا بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەیشتنی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی سەدا 85 لە جێبەجێکردنی پرۆسەکە، سەرکەوتنێکی گەورەیە، سەدا 15ـەکەی دیکەش کە ماوە، ئەوانەن کە تا ئێستا کارتی نیشتمانیان دەرنەکردووە، یاخود بەهۆی کەمتەرخەمییەوەیە نەبووەتە خاوەنی فۆرمی ئەلیکترۆنی، دەشکرێ هەندێکیان گەشتی دەرەوەی وڵاتییان کردبێت و نەگەڕابنەوە، دواتر هەموو ئەوانەی دیکەش دەچنە نێو سیستەمە ئەگەر بیانەوێت، گوتی: ئەگەری هەیە 1ـی ئاب دوا کات  و دەرفەت بێت بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە، ئەگەر بزانین ڕێژەکە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزتر، قۆناغی دووەمی پرۆژەکە دەست پێ دەکەین.

نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت: هەر کەسێک کارتی نیشتمانی و فۆرمی خۆراکی هەبێت، دەخرێتە نێو سیستەمەکە، بەڵام گرنگە خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، دواتر قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات بۆ ئەوانەی کە تا ئێستا بێ بەش بوون لەبەشە خۆراک، ئەوانیش دەخرێنە بێو سیستەمەکە و فۆرمێکی ئەلیکترۆنیان دەبێت.

لەبارەی ئەوانەی ناویان سڕاوەتەوە، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی ناویان سڕاوەتە بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بوونە، لە قۆناغی دووەمدا دەتوانن بچنە نێو سیستەمەکە، بەمەرجی ئەوەی کارتی نیشتمانییان هەبێت، ئەمەش بە فۆرمی خێزانەکەی خۆی دەکرێت، یاخود فرۆمی خۆراکی ماڵی باوکیان، گوتی: هەر کەسێک دەتوانێت ببێت بە خاوەنی فۆرمێکی ئەلیکترۆنی، بە نموونە دوو کەس کە هاوسەرگیریی دەکەن و دەیانەوێت فۆرمێکی نوێیان هەبێت، ئەگەر بیەوێت دەچێتە نێو فۆرمی ماڵی باوکی، ئەگەر بشیانەوێت فۆرمێکی نوێییان بۆ دروست دەکرێت، هیچ کەسێک بێ بەش نابێت ئەگەر بیەوێت، هەر کەسێک بەشێوەیەک لە شێوەکان میکانیزمێکی بۆ دەدۆزرێتەوە ببێتە خاوەنی فۆرمی خۆراکی ئەلیکترۆنی خۆی.

30ـی حوزەیرانی 2025، حکوومەتی عێراق، بەهۆی ئەو كێشانەی لە پڕكردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک، ڕووبەڕووی هاووڵاتییان بوونەتەوە، بڕیاری دا تا 1/8/2025 ماوەكەی درێژ بكاتەوە.

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment