پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا: پرۆژە یاسای دانپێدانانی فەڵەستین پێشکەشی پەرلەمان دەکەین
یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، پارتێکی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی بەریتانیا هەڕەشەی پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین و دەنگدانی زۆرەملێی لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کیەر ستارمەر کرد، ئەگەر بەردەوام بێت لە ڕەتکردنەوەی ئەو هەنگاوە.
پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا کە داکۆکی لە سەربەخۆیی سکۆتلەندا دەکات، ڕایگەیاند، ئەگەر ستارمەر هەڵوێستەکەی نەگۆڕێت، ئەوە کاتێک پشووی هاوینەی پەرلەمان کۆتایی دێت، پڕۆژە یاسایەک بۆ دانپێدانانی فەڵەستین پێشکەش دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی دابوو دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا بنێت، بەڵام جەختی کردەوە، ئەمە دەبێت بەشێک بێت لە پرۆسەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەڕەشەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا دوای ئەوە دێت کە 221 پەرلەمانتاری بەریتانیا، لە نێویاندا دەیان پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری تێدابوو، داوایان لە حکوومەت کرد دان بەدەوڵەتی فەڵەستین دا بنێت.
ستیڤن فلین، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا لە پەرلەمانی بەریتانیا ڕایگەیاند، کاتێک لە مانگی ئەیلوول پشووی هاوینەی پەرلەمان تەواو دەبێت، پارتەکەیان "پرۆژەیەک پێشکەش دەکات بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین"، گوتیشی: ئەگەر پێویست بکات دەنگدانەکە بەسەر پەرلەمانتاران دەسەپێنن.
ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت کیەر ستارمەر واز لە بەرگریکردنی ئەوانە بهێنێت و ئازایەتی بنوێنێت و داوا لە ئیسرائیل بکات هەرچی زووە کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت.
ئەگەر فەرەنسا بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا بنێت، ئەوا دەبێتە یەکەم وڵاتی گرووپی جی حەوت و ئەورووپا ئەو کارە بکات.
پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا لە کۆی 650 کورسی پەرلەمانی بەریتانیا، خاوەنی نۆ کورسی پەرلەمانە.
ڕۆژی هەینی، 25ـی تەممووزی 2025، 221 پەرلەمانتاری بەریتانیا لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ حکوومەتیان نووسیووە "داواتان لێدەکەین لە کۆنفرانسی هەفتەی داهاتوودا بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن."
پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوەش کردووە "ئێمە دەزانین کە بەریتانیا توانای بەدەستهێنانی فەڵەستینێکی ئازاد و سەربەخۆی نییە، بەڵام دانپێدانانەکەی بەریتانیا کاریگەریی گەورەی دەبێت."
ئەم نامەیەی پەرلەمانتاران واژۆی نوێنەرانی نۆ پارت و لایەنی سیاسی بەریتانیای تێدابوو، ئەمەش لە دوای ئەوە هات، کە ئیمانوێک ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوولدا، بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دەنێت.