لە عێراق نەبوونی خزمەتگوزاری هاووڵاتییانی هەراسان کردووە
بە درێژای شەقامی پارێزگاکانی عێراق لە بەسڕەوە بۆ بەغداد و دواتر موسڵ، گەشتیاران بە بەردەوامی شتێکییان بەرچاوە دەکەوێت، ئەویش بێکاری گەنجان و داڕمانی کەرتی خزمەتگوزارییە.
هاووڵاتییەکی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەلی دامەزراندن هەر بوونی نییە، واتە قوتابی چوار ساڵ لە زانکۆ دەخوێنت و تەواوی دەکات بەڵام دواتر هەلی کاری نییە، هەرچەندە ئێمە وڵاتێکی دەوڵەمەندین بە نەوت، بەڵام ئاواتخوازین وەکو دەوڵەتانی کەنداو بوینایە.
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێت: دۆخی عێراق بەشێوەیەکی گشتیی کارەساتبارە، ژیانی هاووڵاتی ناخۆشە. سەرباری ئەو سەرچاوە زۆرانەی هەمانە، بەڵام ئاستی خزمەتگوزاری لەوپەڕی خراپیدایە. نەوت و کشتوکاڵمان هەیە، بەڵام لە هەموو شوێنێک کرێکاری بیانی دەخەنەسەر کار، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموومان دروستکردووە.
عەلی جبووری، چاودێری سیاسی دەڵێت: ئەگەر بەرپرس خۆی بەردەوام باسی مەترسی بکات، ئەی هاووڵاتی چۆن چاوەروانی سەقامگیریی بکات و چاوەڕوانی خزمەتکردن لەلایەن بەرپرسانەوە بکات. هەمووجار بەرپرسان بە لێدوانە خراپەکانیان دوودڵی لەناو خەڵکدا دروستدەکەن، کاربەدەستدان خۆیان هانی خۆپیشاندان و ئاڵۆزی دەدەن لەدژی یەکتری، ئەمەش ئاستی خزمەتگوزاری هێندەی دیکە لاواز دەکات و سامانی عێراقیش هێندەی دیکە بەهەدەر دەدرێت.
عێراق ماوەی دوو دەیەیە سەقامگریی بەخۆیەوە نەبینوە. لە هەموو قەیرانێکی سیاسی و ئابووریدا، شەقام هەمیشە بەئامانج دەگیرێت، بەڵام ئەمجارە دۆخەکە وادەردەکەوێت توڕەی شەقام لەناوخۆوە سەرچاوە بگرێت.