لە شەڕ و پێکدادانی نێوان حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی، نۆ پۆلیس بریندار بوون
شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدی شەعبی و لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی ڕوویداوە و ژمارەیەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بریندارن، هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: گرووپێکی چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر یەکێک لە فەرمانگەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و تەقەیان کردووە.
یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەغدا بە پەیامنێری کوردستان24، شڤان جەباری ڕاگەیاند، لە گەڕەکی شەهیدانی ناوچەی سەیدیەی بەغدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان حەشدی شەعبی و لیوای حەوتی پۆلیسی فیدراڵی ڕوویداوە.
سەرچاوەکەی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، شەڕەکە لە سەر زەوی کشتواڵی بووە، لە ئەنجامدا نۆ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.
لەوبارەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، گرووپێکی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر فەرمانگەیەکی حکوومی لە بەغدا و دواتر پێکدادان لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارە ڕوویداوە و بووەتە هۆی برینداربوونی ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان.
وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیەنەدراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ لە فەرمانگەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لەگەڵ هاتنی بەڕێوەبەرێکی نوێ، گروپێکی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێی لای فەرمانبەران دروستکرد کە دەستبەجێ داوای هاوکارییان لە هێزە ئەمنییەکان کرد."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "پۆلیسی فیدراڵی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕاستەوخۆ لەلایەن چەکدارانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، لە ئەنجامدا ژمارەیەک ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هێزە ئەمنییەکان توانیان 14 لەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە، هەروەها هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانەی کە ماون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی پێشتر باسی لەوە کردبوو، شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەبارەی ناکۆکی لەسەر پۆستێکی ئیداری لە بەغدا ڕوویدا..
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک بەرپرسە نوێیەکە بۆ دەستپێکردنی ئەرکەکانی لە یەکێک لەو بەڕێوەبەرایەتیانەی کە دەکەوێتە باشووری بەغدا چووەتە سەرکار، بەڕێوەبەری پێشوو کە هاوکات سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبیە ڕەتیکردەوە ئەو پۆستە ڕادەست بکات، ئەمەش وایکرد کەسی یەکەمی بەرپرس داوای هاوکاری لە گروپێکی چەکداری سەر بە خۆی بکات، و پێکدادان لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا ڕوویدا .
سەرچاوەکە دەشڵێت: هێزێکی ئەمنی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆنترۆڵکردنی، بەڵام لە ئەنجامی تەقەکردندا دوو چەکدار برینداربوون .