بەم نزیکانە زەوی بەسەر پێشمەرگەکانی هەردوو یەکەی 70 و 80 دابەش دەکرێت
بەڕێوبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر دەڵێت: وردبینی لە فۆرمی دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا لە قۆناغی کۆتاییە، و هاوکات ڕەزامەندیی پێدانی زەویی بە ژمارەیەکی دیکەی پێشمەرگەکانی هەردوو یەکەی 70 و 80، لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕاوەتەوە وەزارەتی شارەوانی و لەم نزیکانەدا دەست بە دابەشکردنیان دەکرێت.
مەریوان حاکم هادی، بەڕێوبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئەمڕۆ ڕۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: " ڕەزامەندیی تەرخانكردنی زەوی بۆ بەشێكی دیكەی پێشمەرگەکانی یەكەكانی 70 و 80 لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەڕاوەتەوە، كە نزیكەی 25 هەزار ناو دەبێت و هەر یەکێکیان لە پارچەیەکی 200 مەتری سوودمەند دەبن.
گوتیشی: "ئەو ناوانە كە بە لیست گەڕاونەتەوە، دەستمان پێكردوووە و نووسراویان بۆ دەكرێت و پێدانی زەوی هەر یەکێک لە سوودمەندبووەکان بەگوێرەی شوێنی نیشتەجێبوون، كارتی زانیاری، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جیا دەكرێنەوە، پاشان بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەكانیان ڕەوانە دەكەین، بۆ ئەوەی زەوی پێ بدرێت.
ڕاشیگەیاند، تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی، لە قۆناغی کۆتایی وردبینی و ناردنی فۆڕمی زەویی فەرمانبەراندایە، زیاتر لە 480 هەزار ڕەزامەندیی تەرخانکردنی زەوی لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە و كارمەندانی ناوخۆ گەڕاوەتەوە.
مەریوان حاکم هادی دەڵێت: ئەو فۆڕمانەی کەموکوڕییان هەبووە چارە کراون و شارەوانییە پەیوەندارەكان دەستیان بە دابەشكردنی زەوی كردووە و پڕۆسەكەش بەردەوام دەبێت.
نزیكەی 15 ساڵ بوو لە هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی زەویی ڕاگیرا بوو، بەڵام لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.
لەسەرەتاکانی مانگی ئایاری ئەمساڵدا، کوردستان24 ژمارەی فەرمانبەرانی سوودمەندبوو لە وەرگرتنی زەوی بەگوێرەی دابەشبوونی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بڵاوکردەوە، کە بە گشتیی 346 هەزار و 238 فەرمانبەرە سوودمەند دەبن:
- پارێزگای هەولێر103616
- پارێزگای سلێمانی 92215
- پاریزگای دهۆک 64706
- پارێزگای هەڵەبجە 7961
- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 24944
- ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین 20329
- ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان 22768
- ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 9699 فەرمانبەر سوودمەند دەبێت.
هەروەها ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕۆژی 17ـی تەممووزی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دابەشكردنی 14 هەزار پارچە زەوی دەسپێکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەران و ئەندامەکانی هێزەکانی پێشمەرگەکە و هێزەکانی ناوخۆی ڕاگەیاند.