کۆڕۆنا نەیتوانیوە چالاکییه‌ وه‌رزشییه‌كان له‌م شاره‌ په‌كبخات

پێنج هۆكار وایكرد چالاكییه‌كان به‌رده‌وامبن

دوای بڵاو بوونەوەی پەتای کۆڕۆنا بە گشتی لە جیهان و بە تایبەتی لە کوردستان سەرجەم چالاکیە وەرزشیەکان بەرەو لاواز بوون و پەک کەوتن ڕۆیشتن، کە ئەمەش نیگەرانی گەورەی لای وەرزشکاران لە هەموو جیهاندا دروستکرد، بەڵام لە هەندێ شارو شارۆچکەی کوردستان بارودۆخەکە پێچەوانەیە، کۆڕۆنا نەیتوانیوە هیچ لە گەرموگوڕی وەرزشکاران کەم بکاتەوە، بۆ نمونە لە شارێکی وەک شاری  (قەڵادزێ )ـدا کە خاوەنی 12 تیپی پلە نایاب و 12 تیپی پلە یەک و 12 تیپی پلە دوو و 10 تیپی دێرینە، کە ژمارەیان زۆرە و ساڵانە پێویستیان بە چەند خول و پاڵەوانییەتیەکی جیا جیاو تێکەڵ هەیە، بۆ ئەوەی وەرزێکی تەواو و بەڕێ بکەن.

بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لیژنەی تیپە میللیەکانی ئەم شارە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو توانیویەتی خول و جام بۆ سەرجەم ئاستەکان بکاتەوە، کە بە شێوازو ڕێگای جیاواز جیاواز ئەم خولانە بەڕێوەدەچن. وە لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەم کە بۆچی تۆپی پێ لەم شارە هەر وەک و خۆیەتی و کاریگەری کۆڕۆنای بە هیچ شێوەیەک بەسەرەوە دیار نییە.

یەکەم: هەبوونی لیژنەیەکی دڵسۆز و خەمخۆر کە ماندوو نە ناسانە بەردەوام خەریکی خزمەتکردنی وەرزشی ئەم شارەن و هەمیشە هەوڵ دەدەن بە باشترین شێوە خزمەتی وەرزشکارانی ئەم شارە بکەن و ساڵ بە ساڵ نوێکاری لە چۆنیەتی بە ڕێوەچوونی خولەکاندا دەکەن و سەرەڕای قەیرانی دارایی بەڵام تێچووی سەرجەم خولەکان دەستەبەر دەکەن.

دووەم: لە ڕووی ئامادەییەوە تیپەکان هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئامادەکاری باش بۆ ئەو خولانە دەکەن، تەنانەت هەندێ تیپ هاوشێوەی یانەکان خشتەی ڕاهێنان و پلان و پڕۆگرامی تایبەت بە خۆیان دادەنێن و باوەڕی تەواویان بە ڕێگا دروست و زانستیەکان هەیە، لەبەر ئەوەی بەشێک لە ڕاهێنەرەکانی تیپە میللیەکان خاوەن بڕوانامەن لەسەر ئاستی کوردستان و عێڕاق  تەنانەت  ئاسیاش، یان هەندێک لە ڕاهێنەرەکان ئەزمونێکی باشیان هەیە لە کاری ڕاهێنەرایەتیدا.

سێیەم: لە ڕووی ئامادەبوونی هاندەرانەوە سەرەڕای مەترسیەکانی کۆڕۆنا کە زۆر کەس خۆیان لە جەنجاڵی و قەرەباڵغی دەپارێزن، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا لە زۆربەی یارییەکاندا ڕێژەیەکی زۆر لە هاندەر ئامادەیە لە یاریگادا، ئەم هاندەرانە هەریەکەیان هاندەری تیپێکن، ئامادەن لە هەموو بارودۆخێک دا بێنە یاریگا و بینەری یاری تیپەکانیان بن و هانیان بدەن.

چوارەم: خاڵێکی تر کە هەمیشە هۆکارە بۆ ئەوەی ڕکابەری یاریزانان و تیپەکان لە لوتکە بمێنێتەوە هەبوونی چەند یاریزانێکی زۆرباشە لە تیپەکان دا،وە ئەم یاریزانانە بەردەوام هەوڵ دەدەن باشترین ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن، بۆئەوەی خەڵک وەک باشترین یاریزانی شارەکە ناویان ببەن، وە ئەم یاریزانانە هەم دەیانەوێ جێ دەستی خۆیان لە تیپەکان بە دیار بخەن، هەم سەرنجی ڕاهێنەری یانە و هەڵبژاردەکانی دەڤەرەکە بەلای خۆیان دا ڕابکێشن.

پێنجەم: هەروەها هۆکارێکی تر ئاستبەرزی دەستەی ناوبژیوانانە، کە دەتوانم بڵێم ناوبژیوانانی قەڵادزێ لە باشترین ناوبژیوانەکانی لیژنەی  تیپە میللیەکانی کوردستانن، کە هەموویان خاوەنی بڕوانامەن لەسەر ئاستی خولە جیاوازەکانی کوردستان، کە بە شێکیان خولەکانی کوردستانیش بەڕێوە دەبەن.

لەگەڵ هەموو ئەوانەش دا هیچ شتێک بێ کەموکوڕی نیە، بەڵام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە بەراوردکردنی تۆپی پێیە لە پێش کۆڕۆنا و سەردەمی کۆڕۆنا، کە بەپێی ئەو خاڵانەی سەرەوە دەتوانین بڵێن کۆڕۆنا نەیتوانیوە چالاکیەکانی تۆپی پێ لە شاری قەڵادزێ دا سارد بکاتەوە، بەڵام ئەگەر کۆڕۆنا نەبوایە بێ گومان زۆر باشتریش دەبوو لە ساڵانی ڕابردوو.

نووسه‌ری بابه‌ت: ئەحمەد کوێخا ئەحمەدی
نووسه‌ری بابه‌ت: ئەحمەد کوێخا ئەحمەدی