موخەلەد حازم: چاوەڕوان دەکرێت گرووپە چەکدارەکان لەلایەن هێزێکی دەرەکی هێرشیان بکرێتە سەر

شارەزایەکی سەربازی ئاماژە بەوە دەکات، ترسی هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان هەیە، بەتایبەتی دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان
موخەلەد حازم، شارەزای بواری ئاسایش و سەربازی، ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی تەممووزی 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند: ترسی هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە ئارادایە، حکوومەت هەوڵی زۆر دەدات دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ڕووبەڕووی هێرشێکی دەرەکی لەلایەن فاکتەرێکی دەرەکی و نێودەوڵەتییەوە ببینەوە.
هەروەها گوتی: ئەوان تاکە ڕێگان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هەروەک چۆن پێشتر لەگەڵ حیزبوڵڵا ڕوویدا و لوبنان توانای کۆنترۆڵکردنی نەبوو، دواتر بە هێرشی دەرەکی بینیمان کە چی ڕوویدا، بێگومان سووریا، حەماس و حووسییەکانیش ڕووبەڕووی هەمان هێرش بوونەوە، دوای ئەم ڕووداوانە و نامەی ئەمەریکییەکان و پەیامی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا ئەگەری زۆرە کە لە چەندە ڕۆژی داهاتوودا هێز بەکار بهێندرێت.
هاوکات ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دەبێت ئەو گرووپانە سنووریان بۆ دابنرێت و دوور بکەونەوە لە هەڕەشە کردن و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین بە هەبوونی قاسم ئەعرەجی، ئەم لیژنەیە دەرەنجامەکانی باشبن، هەموو هاوکارییەکیش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو لیژنەیە دەکرێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، کە ڕێنمایی بە دامەزراوەکان داوە هەرچی پێویست بێت بۆ ئاسانکاری ئەم لیژنەیە ئەو بەڵگە و زانیارییانەی هەیە بدرێت بەو لیژنەیە، تاکوو سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشانە دابنرێت و کۆتایی بەو مەترسییانە بهێنرێت، چونکە ئەو گرووپانە لە سنوور دەرچووە و پێویستە چیتر دووبارە نەبنەوە.