سەبارەت بە برسیەتی غەززە، ترەمپ وەڵامی ناتانیاهۆ دەداتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، قەیرانی مرۆیی بەردەوام لە کەرتی غەززە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی لەگەڵ گیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا .

لە پرسیاری ئەوەی ئایا لەگەڵ لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هاوڕایە، ترەمپ گوتی: "بە پشتبەستن بەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تەلەفزیۆنەکاندا نیشان دراون، دەڵێم نەخێر، چونکە ئەو منداڵانە زۆر برسی دەردەکەون، بەڵام ئێمە پارەیەکی زۆر و خۆراکێکی زۆر دەدەین، وڵاتانی دیکەش لە ئێستادا هەنگاو دەنێین".

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، خەڵکێکی زۆر لە غەززە لەبەر برسیەتی دەمرن، دەشڵێت: ئیسرائیل دەتوانێت زیاتر هەنگاو بنێت بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی.

ترەمپ ڕاشیگەیاند، ئیسرائیل بەرپرسیارێتییەکی زۆری لە ئەستۆدایە لە ڕەوتی هاوکارییەکان و دەکرێت خەڵکێکی زۆر ڕزگار بکرێن. لە وەڵامێکدا بۆ ناتانیاهۆ گوتی: "خەڵکێکی زۆرتان هەیە، لە برسیەتیدا دەمرن". 

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "ناوەندی خۆراک دادەمەزرێنین"، بەبێ سیاج و سنوور بۆ ئاسانکاری و چوونە ژوورەوە. دەشڵێت: ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی دیکە کاردەکات بۆ ئەوەی هاوکاری مرۆیی زیاتر پێشکەش بە خەڵکی غەززە بکات، لەوانەش خۆراک و پێداویستی تەندروستیی.

لای خۆیەوە کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ناوەندەکانی خۆراک "بەم زووانە ڕادەگەیەنرێت".

پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی تایبەتدا گوتی: هیچ برسیەتییەک لە فەڵەستین نییە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment