چین..بەهۆی بارانەوە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار کەسیش ئاوارە بوونە
لە دوێنێوە بارانێکی بەخوڕ چەند شارێکی چینی گرتووەتەوە و بووەتە هۆی دروسبوونی لافاو، کە بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە 38 کەس بە هۆیەوە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 80 هەزار کەسیش ئاوارەبوونە، بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانیش هۆشداری لە خراپتر بوونی دۆخەکە داوە.
ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی دووشەممە 28ـی تەممووزی 2025، بارانێکی بەخوڕ پەکین و چەند شارێکی دیکەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، کە بە هۆیەوە 30 کەس لە پەکین گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەشی داوە، زیاتر لە 80 هەزار کەس لە پایتەختی وڵاتەکە ئاوارەبوونە.
ئەو ئاژانسە چینییە لە زاری بەڕێوەبەرایەتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان هۆشداریشی داوە، ئەگەر بارانەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا کارەساتێکی گەورە لە وڵاتەکە ڕوو دەدات، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات سەرکێشی بە ژیانی خۆیان نەکەن و بۆ کاری پێویست نەبێت لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە.
باسی لەوەش کردووە، زۆرترین ژمارەی قوربانیان لە ناوچەی هەوایرۆییە کە دەکەوێتە باکووری پەکین. هاوکات دەیان ڕێگا داخراون و زیاتر لە 130 گوند بێ کارەبا بوونە.
پێشبینیش دەکرێت تاوەکوو ڕۆژی چوارشەممە باران بەردەوام بێت.
بەگوێرەی زاناکانی کەشناسی، بەهۆی دەردانی گەرمی خانووی پلاستیکییەکان، کارەساتی سروشتی لە چین لە هاوینان ڕووداوێکی باوە، بەهۆی ئەوەی ئەو گازە دەبێتە هۆی گۆڕان و نا هاوسەنگی کەشوهەوا. بە شێوەیەک لە هەندێک شار باران دەبارێت و لە هەندێکیان گەرمایەکی سەخت دەبێت.