نیوۆرک..هێرشکارێک چوارکەسی کوشت و دواتر خۆشی کوشت
لە هێرشێکی چەکداری لە تاوەرێکی هەوربڕ لە مانهاتنی نیوۆرک لە ئەمەریکا، چوار کەس کوژران کە لەنێوانیاندا پۆلیسێک هەیە.
پۆلیسی نیوۆرک ڕایگەیاند: هێرشەکە لەنێو باڵەخانەی 345ـی پارک ئەڤینیۆ بووە کە نووسینگەی ژمارەیەک کۆمپانیای دارایی گەورەی وەک بلاکستۆن و KPMG و بارەگای سەرەکی تۆپی پێی ئەمەریکی(NFL)ـیشی لێیە.
جیسیکا تیش، بەڕێوەبەری پۆلیسی نیوۆرک ڕایگەیاند: هێرشکارەکە ناسنامەی ئاشکرا کراوە و ناوی( شین تامۆرا)ـیە و تەمەنی 27 ساڵە، دانیشتووی لاس فێگاسە، نەخۆشی دەروونی هەیە، دەشڵێت: ئەو هێرشکارەکە چەند ڕۆژێک پێشی هێرشکردنەکەی، ئۆتۆمبێلی لە ڕۆژئاوای ئەمەریکا بۆ نیوۆرک لێخوڕیووە، دوای ئەنجامدانی هێرشەکە، خۆشی کوشتووە.
جیسیکا ڕایدەگەیەنێت: تامورا بە تەنیا هێرشەکەی کردووە و تا ئێستاش نازاندرێت بۆ ئەوەی کردووە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەوبارەوە دەستی پێ کردووە.
دەشڵێت: یەک لەنێو کوژراوەکاندا، ئەفسەرێکی پۆلیسی نیوۆرکە بەناوی(دیدارول ئیسلام) کە تەمەنی 36 ساڵە، پێشتر لە بەنگلادیشەوە کۆچی ئەمەریکای کردووە و باوکی دوو منداڵە، هاوسەرەکەشی دووگیانە و چاوەڕێی منداڵی سێیەمیان دەکەن، دیدارول لەچوارچێوەی ئەو نەخشەی پۆلیسی نیوۆرک دایناوە، لە باڵەخانەکە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی گرتووەتە ئەستۆ.
ئیریک ئادامز، سەرۆکی شارەوانی نیوۆرک، دیدارۆل بە(پاڵەوان) وەسف دەکات، دەڵێت: ئەو سێ ساڵ و نیو لە خزمەتی پۆلیسدا بووە.
سەرۆکی شارەوانی نیوۆرک ڕایگەیاند: سێ لە بریندارەکانی دیکەش، دوو پیاو و ئافرەتێکن، بێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرا بکات، کەسی چوارەمیش برینەکەی زۆر سەختە و لە نەخۆشخانە لەگەڵ مردندا دەجەنگێت.