سوودانی: هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کردەیەکی تیرۆریستییە
سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان بە هاوبەشی کار بۆ دۆزینەوەی گرووپە هێرشکەرەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان دەکەن. ئاماژەشی دا، بوونی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بووەتە پاساو بۆ ئەوەی گرووپی چەکدار لە عێراق دروست بن.
سێشەممە 29ـی تەممووزی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە کردەییەکی تیرۆریستی ناو دەبات و دەڵێت: حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کاردەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنەی بەرپرسن لە هێرشە درۆنییەکان، بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن.
هەروەها لە بارەی بوونی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، سوودانی ئاماژەشی دا، بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بووەتە پاساوێک بۆ بوونی گرووپە عێراقییەکان بۆ ئەوەی خۆیان پڕچەک بکەن، بەڵام هەر کاتێک هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق تەواو بکشێنەوە، پێویست ناکات و هیچ پاساوێک بۆ هیچ گرووپێک نامێنێت بۆ ئەوەی لە دەرەوەی یاسا و دامەزراوە فەرمییەکانی ئەمنی چەکیان هەبێت.
سەرەڕای تێبینییەکانی ئەمەریکا، بەڵام سوودانی ڕژدە لە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق و گوتی: ئەمە بەشێکە لەو هەوڵانەی بۆ دڵنیابوون لەوەی هێزەکان لەلایەن حکوومەتەوە کۆنترۆڵ بکرێن. جەختیشی کردووەتەوە، هێزەکانی ئاسایشی دەبێت لە ژێر یاساکانەوە ئۆپەراسیۆنەکان بکەن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
هەفتەی ڕابردوو مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی کرد، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایەی حەشدی شەعبی کە لە پەرلەمانە، بە زیادبوونی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەسەر سەروەریی عێراق وەسف کرد.
سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: لە کۆتای ئەمساڵ عێراق و ئەمەریکا لەبارەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوانیان کۆدەبنەوە، هیواشی خواست وەبەرهێنانی ئەمەریکی وەکوو نەوت، گاز و ژیری دەستکرد لە وڵاتەکەی زیاتر ببێت، چونکە وا دەکات ناوچەکە سەقامگیر بێت و پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە باشتر ببێت.
لەبارەی دۆخی سووریا یەکگرتنەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە، محەممەد شیاع سوودانی ئاماژەشی دا، نایەوێت سووریا دابەش ببێت و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا هان دەدات، پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر دەست پێ بکات کە هەموو پێکهاتەکان لە خۆ بگرێت. جەختیشی کردەوە بوونی هێزی بیانی لە نێو خاکی سووریا قبووڵکراو نییە.
محەممەد شیاع سوودانی لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لەوەش کرد، دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ژمارەیەک گرووپی چەکداری لە عێراق هەوڵییان دا بە درۆن هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام حکوومەتی عێراق لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا 29 درۆنییان خستبووە خوارە کە بە ئاراستی بنکەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڵدرابوون. ڕوونیشی کردەوە، ڕێگریان لە درۆنەکان کرد، بۆ ئەوەی بیانوو بە ئیسرائیل نەدەن جەنگەکە لە ناوچەکە فراوانتر بکەن.
سوودانی لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەتەکەی بۆ ئازادکردنی ئەلیزابێس تسورکۆڤ کچە هاووڵاتی ئیسرائیلی بە ڕەچەڵەک ڕووسی دەڵێت: ئێمە لەگەڵ باند و گرووپە لە یاسا لادراوەکان دانوستان ناکەین، بەڵام تیمێک لە چوارچێوەی سیاسییەوە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی ئەو کچە پێکهێنراوە.
ئەلیزابێس تسورکۆڤ هاووڵاتی ئیسرائیلی بە ڕەچەڵەک ڕووسی، توێژەر لە زانکۆی ستانفۆرد، لە مانگی ئازاری ساڵی 2023 لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوەی مەیدانی لە عێراق دیار نەما، خێزانی ئەو توێژەرە پێیان وایە کچەکەیان لە لایەن حزبووڵڵای عێراق دەست بەسەر کراوە.