حکوومەتی هۆڵەندا گەشت لە دوو وەزیری ئیسرائیل قەدەغە دەکات

سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، حکوومەتی هۆڵەندا بڕیاریی دا ڕێگریی لە هەردوو وەزیرانی ئیسرائیل، ئیتیمار بن گڤیر و بێزالێل سمۆتریچ بکات بێنە ناو خاکەکەی، ئەمەش بەهۆی هاندانی توندوتیژی بووە دژی فەڵەستینییەکان. 

کاسپەر ڤێلدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە نامەیەکیدا بۆ پەرلەمانی هۆڵەندا ڕایگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیرانی هۆڵەندا بڕیاریداوە بێزالێل سمۆتریچ وەزیری دارایی و ئیتیمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل بە کەسایەتی نەخوازراو بناسێنێت و هەردوو وەزیرەکەی لە لیستی بێگانە نەخوازراوەکان لە سیستەمی زانیاریی شنگن دا تۆمار کردووە."

وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا جەختی کردەوە "ئەم بڕیارە لەبەر ئەوە دراوە کە سمۆتریچ و بن گڤیر چەندین جار خەڵکیان هانداوە بۆ توندوتیژی دژی فەڵەستینییەکان، بانگەشەیان بۆ فراوانکردنی نیشتەجێبوونی نایاسایی و پاکتاوکردنی نەتەوەیی لە کەرتی غەززە کردووە."

بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، هۆڵەندا ئەو دوو وەزیرەی تۆمەتبار کردووە بەوەی "داوای فراوانکردنی نیشتەجێبوونی نایاسایی و پاکتاوی نەتەوەییان لە کەرتی غەززە کردووە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "باڵیۆزی ئیسرائیل لە لاهای بانگهێشتی نووسینگەی وەزیری دەرەوەی هەڵەندا دەکرێت، بۆ ڕەخنە و سەرزەنشتکردن"، دەشڵێت: بن گڤیریش لەوبارەوە گوتیەتی "تیرۆریستان ئازادن و جووەکان قەدەغەکراون."

لە ڕۆژی پێنجشەممە، 21-11-2024، دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی، بە تومەتی "تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە" فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیری پێشووی بەرگریی ئەو وڵاتە دەرکرد.

دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش کردبوو "هۆی لۆژیکی هەن بۆ ئەوەی بڵێین ناتانیاهۆ و گالانت سەرپەرشتیی هێرشەکانی دژی خەڵکی مەدەنییان کردووە و برسییەتییان وەکوو چەک بەکار هێناوە."

دادگەکە پێی وایە "فەرمانی دەستگیرکردنی ناتانیاهۆ و گالانت، لە بەرژەوەندیی قوربانییەکاندایە."

جگە لە ناتانیاهۆ و گالانت، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرکردەیەکی حەماسیش بە ناوی "محەممەد زێف" دەرکردبوو.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment