سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین: دەوڵەتێکی ئازاد و خاوەن سەروەرمان دەوێت

محەممەد مستەفا، سەرۆک وەزیرانی فەڵەستین جەختی کردەوە، کۆنفرانسی چارەسەری دوو دەوڵەتی دەبێت خاڵی وەرچەرخانێک پێکبهێنێت کە هەڵوێستەکان بۆ هەنگاوەکان وەربگێڕێت.
لە میانی کۆنفرانسێکدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پرۆسەی چارەی دوو دەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل محەممەد مستەفا گوتی: دەوڵەتێکی فەڵەستینی ئازاد و پێشکەوتوو و خاوەن سەروەرمان دەوێت کە هەمووان شانازی پێوە بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، "داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین وەبەرهێنانێکە لە ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیریدا".
بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، مستەفا ڕاشیگەیاند، حەماس دەبێت چەک دانێت و کۆنترۆڵی غەززە بداتە دەست دەسەڵاتی فەڵەستین بۆ ئەوەی ئاسایش بۆ خاکی وێرانکراوی شەڕ بگەڕێنێتەوە. گوتیشی: پێویستە ئیسرائیل بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێتەوە، حەماسیش دەستبەرداری کۆنترۆڵی کەرتی غەززە بێت و چەکەکانی ڕادەستی دەسەڵاتی فەڵەستین بکاتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتی فەڵەستین ئامادەیە بەرپرسیارێتی تەواو لە غەززە لە ئەستۆ بگرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت دەستبەجێ شەڕی قڕکردن بوەستێت".
کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕێگە چارە ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی فەرەنسا و سعوودییە لە نیویۆرک دەستی پێ کرد، هاوکات ئەمەریکا بایکۆتی کۆنفرانسەکەی کردووە و بە بانگەشەی سیاسیی و خزمەتکردن بە تیرۆر ناو دەبات، لە بەرانبەر دا فەرەنسا هەڵوێستێکی پێچەوانەی هەیە و ڕژدە لەسەر ئەوە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت.
پێشتریش، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، فەرەنسا لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول، دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێت، بەڵام هەریەکی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕەخنەیان لە هەڵوێستی سەرۆکی فەرەنسا گرت.
هەروەها بڕیار بوو کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ فەلەستین و ئیسرائیل بە هاوسەرۆکایەتی سعوودییە و فەرەنسا لە 17 و 20ی حوزەیران بە ڕێوە بچێت، بەڵام ڕێکخراوەکە کۆنفرانسەکەی بۆ 28ی تەممووز دوا خست. ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە دان پێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینییە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
لە کۆی 193 ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، 142 ئەندام دەنگیان بە ناساندنی دەوڵەتی فەڵەستین داوە.