نەتەوە یەکگرتووەکان داوای گۆڕینی شێوازی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە دەکات
ڕێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات، دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە قەیرانی خۆراک لە غەززە چارە ناکات، بەڵکوو تەنیا دابەش کردنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی مەیدانی ڕێگری لە کارەساتی مرۆیی لە کەرتەکە دەکات.
سێشەممە 29ـی تەممووزی 2025، دەستپێشخەری پۆلێنکردنی قۆناخی ئاسایشی خۆراک سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی دۆخی غەززە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە تەنیا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە، کارەساتی مرۆیی لە کەرتی غەززە چارە ناکات. باسیشی لەوە کردووە، خراپترین دۆخە هەڕەشە لە ژیان و گیانی دانیشتووانی کەرتەکە دەکات.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی مەیدانی تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی و قەیرانی خۆراک لە کەرتەکە.
هاوکات ئاماژەشی داوە، بەگوێرەی ئامارەکان برسییەتی زۆربەی ناوچەکانی کەرتی غەززەی گرتووەتەوە. بە شێوەیەک لە مانگی نیسانەوە تاوەکوو ناوەڕاستی تەممووزەوە، 20 هەزار کەس چارەسەری بەدخۆراکییان وەرگرتووە و سێ هەزار کەسیش بە توندی تووشی بەد خۆراکی بوونە.
لە 2ی ئاداری 2025، دوای ئەوەی ئاگربەستی کاتی نێوان حەماس و ئیسرائیل شکستی هێنا، ئیسرائیل گەمارۆیەکی توندی خستە سەر کەرتی غەززە و ڕێگەی لە دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لە کەرتەکە گرت.
یەکشەممە 27ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند و ئاماژەشی دابوو، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوچەی مەواسی کەرتی غەززە، ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە ئاگربەستی مرۆیی رادەگەیێنێت، هاوکات بە ڕێگەیەکی پارێزراو کاروانی خۆراک و دەرمان رۆژانە دەگەیێندرێنە غەززە.
ڕۆژی شەممە 26ـی تەممووزی 2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، بەڕێگەی ئاسمانی هاوکاریی مرۆییان گەیاندووەتە کەرتی غەززە، کە لە 7 کاروان پێکدێت و ئارد، شەکر و خۆراکی لە قوتووکراو لەنێو هاوکارییەکاندا هەن.