بە چەند رێگایەکی سرووشتی کێشەکانی هەرس چارەسەر بکە

ئەگەری کێشەی هەرست هەیە ئەم چەند رێنماییە جێبەجێ بکە

K24- هەولێر:

بەهۆی ناتەندروستی ژەمەکان یاخود بوونی فشارێکی دەروونی زۆر، ئەگەر هەیە سیستمی هەرسمان تێکبچێت کە دیارترین نیشانەکانی بریتیە لە تووندبوونی گەدە، دڵە کزێ، هەستی رشانەوە، غازات، سکچوون و قەبزی.

ماڵپەڕی تەندروستی مێدیکاڵ نیوز تودەی، چەند رێگایەکی بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی هەرس خستووەتەڕوو:

فشاری دەروونی

یەکێتی دەرووناسی ئەمەریکا لە توێژینەوەیەکیدا ئاماژەی بەوەداوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی کرداری هەرس، بوونی فشار دەروونی و خەمناکییە.

ئەو یەکێتییە دەڵێت، ئەگەر هەر کێشەیەکت هەیە کە کاریگەری لەسەر دروستکردوویت، دەبێت زوو چارەسەری بکەیت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی کەسانی ئازیز لە دەوروبەرت، وەرزشکردن و خەوی تەندروست، هاوکاری کەمکردنەوەی فشاری دەروونی دەدەن.

چای نەعناع

چای نەعناع یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە کرداری هەرسیان تەواو نییە و تووشی هەستی رشانەوە و دڵە کزێ دەبن ئەمەش بەهۆی ئەو پێکهاتە تەندروستەی تێیدایە.

پیاسەکردن

پیاسەکردن هاوکاری کرداری هەرس دەدات بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کێشەی غازات و قورسبوونی گەدەیان هەیە.

غازات

مرۆڤ لە خواردن و خواردنەوە هەوا قووت دەدات. هەروەها لەشی مرۆڤ کاتی هەرسکردنی خۆراک، غاز دروست دەکات کە ئەمەش هەندێکجار دەبێتە هۆی تێکچوونی کرداری هەرس.

ئەو شتانەی دەبنە هۆی زیادبوونی غازات:

جوینی بنێشت

خواردنەوە گازییەکان

خێرا خواردن

بەکارهێنانی تاقمی ددان کە بۆ دەمت گونجاو نییە

خواردنی برۆکلی، فاسۆلیا، پیاز، سێو و ماست

فایبەر زۆر بخۆ

خواردنی زۆری فایبەر سوودی زۆری بۆ کرداری هەرس هەیە، جیا لەوەش سوودی بۆ کەمکردنەوەی کۆلیسترۆل هەیە.

سەرچاوەی سەرەکی فایبەر دانوێڵە و سەوزە و میوەیە.

لەم خۆراکانەش بەدوور بە:

خواردنی پەستێنراوە

بەهارات

خواردنی سوورەکراوە

سرکە و خواردنە ترشەکان

خواردنەوە کحولییەکان

کافێین