وەزارەتی کارەبا: سەرپێچیکارانی کارەبا بە چوار ملیۆن دینار سزا دەدرێن

بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، تاوەکو مانگی ئایاری ئەمساڵ بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار و 835 ملیۆن دینار سەرپێچی لە تۆڕی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. 

ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی تەممووزی 2025، ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پرۆژەی ڕووناکی بەشێکە لە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی هەرێمی کوردستان و بە گوێرەی ئاماری مانگی ئایاری ئەمساڵ، هەزار و 587 حاڵەتی سەرپێچی لەسەر تۆڕی کارەبا، لە سەرتاسەری هەرێم تۆمار کراوە."

بە گوتەی بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا "376ـی سەرپێچییەکان لە تۆڕی کارەبای زیرەک بووە و بەهای کۆی سەرپێچییەکانیش، زیاتر لە دوو ملیار و 835 ملیۆن دینار بووە." ئاماژەی بەوەش دا، هەر سەرپێچیکارێک بە گوێرەی ماددەی 20ی ڕێنماییەکانی وەزارەتی کارەبا، بە بڕی چوار ملیۆن دینار سزای ماددی دەدرێت، لە دوای سێجار دووبارەکردنەوە، سەرپێچیکار دەدرێتە دادگا.

بەڕێوبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا گوتیشی "لە هەموو شار و شارۆچکەکان تیمی تایبەتمان هەیە و هەفتانە سەردانی گەڕەک و باڵەخانە و شوێنە پیشەسازییەکان دەکەن، بۆ ئەوەی وردبینی لە گۆڕینی پێوەری کارەبادا بکەن، ئەگەر کەسێک دەستکاری لە پێوەری کارەبادا کردبێت، ڕاستەوخۆ دەزانین و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەین."

بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کارەبا داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناکی و تۆڕی دابەشکردنی کارەبادا بکەن، چونکە وەکوو خۆی جەختی لێ کردەوە "پڕۆژەکە بۆ خزمەتی ئەوان جێبەجێ دەکرێت."

لەلایەکی دیکەوە ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی "کارەبا موڵکی گشتییە و ڕێگە نادەین هیچ کەسێک سەرپێچی بکات یان هەوڵ بدات دەستکاری پێوەری کارەبا یاخود چەتاڵکردنی بدات، چونکە سیستەمی تۆڕی دابەشکردنی کارەبا ئەلیکترۆنییە و ڕاستەوخۆ شوێنی سەرپێچیکار ئاشکرا دەکات."

ڕێنمایيی نوێی وەزارەتی کارەبا بۆ بەره‌نگاربوونەوەی سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبا لە ڕێگەی ئەم لینکە بخوێنەوە

ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کاتی سەردانیدا بۆ گەڕەکی شادی شاری هەولێر، پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند. ئامانج لە پرۆژەکە، دابینکردنی کارەبای24 کاتژمێری بۆ هاووڵاتییان و پاککردنەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی کوژاندنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان. 

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، دوو هەزار و 167 موەلیدە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کوژێندراوەتەوە و بە گوێرەی ئامارێکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە %30 ژینگە و بەرگە هەوای کوردستان لە دەردانی گازە ژەهراوییەکان پاک بووەتەوە و بڕیارە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2025 سەرجەمی کوردستان بکرێتە کارەبای 24 کاتژمێری